9 سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەکوژرێن

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ لە باکووری عێراق پێنج سەربازی تورک کوژراون و هەشتیش بریندار بوون.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ ١٢ی کانوونی دووهەم، لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ لە باکووری عێراق، لە کاتێکدا تیرۆریستان (ی پەکەکە) دەیانەویست دزە بکەنە ناو بنکەیەکی سەربازیی، پێکدادان ڕووی داوە و بە هۆیەوە پێنج سەربازی قارەمانی تورکیا شەهید و هەشتیش بریندار بوون کە دۆخی سێیان سەختە”.
لەڕاگەیەندراوێکی دیکەدا وەزارەتی بەرگری تورکیا، گیانلەدەستدانی چوار لە بریندارەکانی ڕاگەیاند، کە ژمارەی کوژراوانی گەیشتە 9 سەرباز.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا سەبارەت بە کوژراوانی پەکەکە ڕایگەیاند: بە پێی ئامارە بەراییەکان، لە پێکدادانەکەدا ١٢ چەکداری پەکەکە لە چالاکی خراون و ئۆپەراسیۆنەکانیش لە ناوچەکەدا بەردەوامی هەیە.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوای لێخۆشبوون لە خودا بۆ شەهیدەکان و، سەرەخۆشی لە خێزانی شەهیدەکان و سوپا و گەلی تورکیا کراوە و شیفای بەپەلەش بۆ بریندارەکان خوازراوە.