ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرسی مووچە و بودجەی هەرێم تاوتوێ دەکات

وابڕیارە ئەمرۆ یەکشەممە 14/1/2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و باسی پرۆژەیاسای بودجە بکات.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵێنی بە شاندی هەرێمی کوردستان داوە، پرسی هەمواری یاسای بودجە بباتە ناو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدەن.
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: سوودانی بەڵێنی داوە کە بە خێرایی پڕۆژەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسند بکرێت و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت، بۆ ئەوەی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بێت.
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: “عێراق بابەتی مووچە لە (ئینفاقی فیعلی) دەردەهێنێت و دەیخاتە بودجەی (حاکیمە) لەو بودجەیە ساڵانە 10 ترلیۆن و 400 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابینکراوە”.
گوتیشی: “ئەو گۆڕانکاریانە لە یاسای بودجەی گشتی عێراق، لەلایەن دوو لیژنە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێن، هەموارە ئامادە دەکرێت و دەنێردرێتە ئەنجومەنی وەزیران، بڕیارە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بدرێت، دواتر دەنێردرێتە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی پەسند بکرێت”.