تەواوی وردەکاری هێرشە موشەکیەکەی سەر شاری هەولێر

درەنگانی شەوی ڕابردوو دەنگی بەهێزی مووشەکەکان، شاری هەولێری رایچڵەکاندن، دەنگی ئەو مووشەکانەی، باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێریان کردبووە ئامانج، هێندە بەهێز بوو، دەرگە و پەنجەرەی زۆربەی ماڵەکانی ئەو ناوچانەی لەراندەوە.
مووشەکەکان بە دووری سەتان کیلۆمەتر بەسەر شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان تێپەڕین و لە هەولێر بە زەویدا کەوتن، هەر زوو پاسدارانی ئێران هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
بەگوێرەی زانیارییەکان 10 مووشەک، هەشت شوێنیان کردووەتە ئامانج. وەکو ئێران دەڵێت، پاساوەکەش بنکەی ئیسرائیل و هێرشی دژبەرەکانی ئێرانە، پاساوێک، کە بەردەوام لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە رەتکراوەتەوە.
لە هێرشەکەدا وەکو لە سەرچاوەکانی هەواڵ و زانیارییە بەدەستهاتووەکان دەستخراون، هەشت شوێن لە هەولێر و دەوروبەری ئامانج بوون، لەوانە “کۆنسوڵخانەی ئەمریکا، دەزگا ئەمنییەکان، ماڵی سەرمایەدار پێشڕەو دزەیی، بنکەی ئاسمانیی هەریر و هەورازە نەفتە و چەند شوێنێکی دیکەش.
هێرشەکان وەکو دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، هیچ دامەزراوەیەکی ئەوانی نەکردووەتە ئامانج، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان لە هەولێر، یەکێک لە سیستەمەکانی دژەمووشەکی ئەمریکییەکان هەوڵی خستەخوارەوەی مووشەک دەدات.
کاژێر 11:25 خولەکی شەوی دووشەممە یەکەم مووشەک تەقییەوە، هێرشەکان یەک ئامانجی دیاریکراویان نەبوو، لە رۆژهەڵاتی هەولێرەوە تاوەکو باکووری هەولێر لە چەند شوێنێک کەوتنە خوارەوە. مووشەکەکان لە دەوروبەری رێگەی پیرمام و ناوچەی خانزاد نزیک گوندی بڕا کەوتوونەتە خوارەوە و، لەسەر رێگەی پیرمامیش لەنێو باخەکان دەنگی کەوتنەخوارەوەی مووشەک بیستراوە.
لە مەلا ئۆمەر، ماڵی پێشڕەو دزەیی، یەکێک لە بازرگانە دیارەکانی شاری هەولێر، بە زیاتر لە چوار مووشەک کراوەتە ئامانج.”
پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی، سەرۆکی گرووپی فاڵکۆن بوو، کە لە هێرشەکەدا لەگەڵ کچە بچووکەکەی گیانیان لەدەستدا.
هەر لە هێرشەکەدا هانا جووتیار، پزیشکی ددان، کە هاوژینی پێشڕەوە، لەگەڵ رەوان پێشڕەو تەمەن 7 ساڵ و رۆژ پێشڕەو، تەمەنی لەنێوان 25 بۆ 27 ساڵە و هەر لەگەڵ باوکی کاری کردووە، بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ماڵی پێشڕەو دزەیی، بەردەوام قەرەباڵخ بووە و پاسەوان و کارمەندی دیکەی لێ بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمشەو خاوەن ماڵەکە لەنێو باخەکەدا بووە، پێشبینی دەکرێت خەڵکی زۆر لەوێ بووبن.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، دوێنێ ئێوارە ماڵی پێشڕەو دزەیی بەهۆی گەڕانەوەی کوڕ و کچەکانی کە لە ئەمریکا دەخوێنن، کۆبوونەوەیەکی خێزانییان هەبووە و کاژێر 11:22 خولەکی شەو ماڵەکەیان کرایە ئامانج. هەندێک لە شایەتحاڵەکان کە قسەیان بۆ رووداو کرد، دەڵێن هەندێک درۆنیش ئاراستەی ماڵەکە کراون، بەسەریەکەوە نزیکەی 11 درۆن و مووشەک بوون.
بەپێی دیمەنەکانی دوای بۆردوومانەکە، خانووەکە بەتەواوەتی رووخاوە و زیان بە کۆمەڵێک خانووی دەوروبەری ماڵی پێشڕەو دزەیی گەیشتووە و نزیکەی 17 کەس لەو رووداوەدا بریندار بوون.
دوای چوار کاژێر لە بۆردوومانکردنی ماڵەکەی، تەرمی ژینە، کچە بچوکەی پێشڕەو دزەیی، کە 25ـی ئەم مانگە تەمەنی دەبووە یەک ساڵ، لە ژێر دار و پەردووی خانووە رووخاوەکەی پێشڕەو دزەییدا دۆزرایەوە.
ناسنامەی کوژراوێکی دیکەشی پشتڕاستکراوەتەوە کە کریستیانێکی عێراقە بە ناوی کەرەم، ئەویش بازرگانە و ئەو شەوە لەگەڵ پێشڕەو دزەیی بووە.
شەوی سێشەممە، 16-01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند هێرشەکە بە کۆمەڵێک مووشەکی دوورهاوێژ بووە و ژمارەیەک بنکەکانی سیخوڕیی رژێمی زایۆنی (مۆساد)ـی لە هەرێمی کوردستانی عێراق کردە ئامانج و لەنێوی بردن، بەڵام ئەو کچەی پێشڕەو دزەیی کە گیانی لەدەستداوە، ناوی ژینەیە، 10 رۆژی دیکە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی بوو و لە 25ـی کانوونی دووەم تەمەنی دەبووە یەک ساڵ.
ژێدەر: رووداو