رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

لێژنەکەیه‌كی په‌رله‌مانی عێراق سەردانی شوێنی ڕووداوەکەی ھەولێر دەکەن

جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لێژنەیەکی ھەشت کەسی لە پەرلەمان پێکھاتووە بۆ لێکۆڵینەوە لە بۆردوومانی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، کە سبەی سەردانی شوێنی ڕووداوەکەی ھەولێر دەکەن و راپۆرتێک ئامادە دەکەن و ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەن.

سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق  به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگه‌یاند: پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی پێکھێناوە لە ھەشت ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری کە نوێنەری زۆرینەی فراکسیۆنەکانی تێدایە، بۆ ئەوەی سەردانی ھەولێر و شوێنی بۆردوومانکردنی ماڵی ئەو ھاووڵاتییه سڤیلە بکەین، کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بۆردوومان کراوە، بۆ ئەوەی ڕاپۆرتێک ئامادە بکرێت و بۆ ھەمووانی ئاشکرا بکەین ئەوەی ئێران بۆردوومانی کردووە، ماڵی ھاووڵاتییەکی سڤیلە و خەڵکی بێتاوان شەھید کراون.

سندی گوتیشی: سبەی یه‌كشه‌م 21ی1ی2024، لیژنەکە سەردانی پارێزگای ھەولێر دەکات و خۆی دەچێتە شوێنی بۆردوومانەکە و راپۆرتێک ئامادە دەکرێت، دواتریش دەدرێتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بڕیاری پێویستی لێ بدرێت.

ناوبراو باسی لەوەش کردووه‌: ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە، ماڵی ھاووڵاتییەکی سڤیلە و خۆی پیشەی بازرگانە و پەیوەندی بە ھیچ کارێکەوە نییە، بۆیە پێویستە ھەموو خەڵک ڕاستییەکان بزانێت، هەر سبەینێش گەر ھیچ کێشەیەک ڕوونەدات، بڕیارمان داوە سەردانی ھەولێر بکەین.

سەرچاوە: کوردستان تیڤی

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button