دادگای لاهای: ئیسرائیل یاساکانی سەبارەت بەکۆمەڵکوژی پێشێلکردوە

ئەمڕۆ دانیشتنی دادگای لاهای بۆ بڕیاردان لە ڕێوشوێنی کاتی لە بارەی ئەو سکاڵایەی کۆماری ئەفریقای باشوور دژی ئیسرائیل لە دادگا تۆماری کرد لەسەر ئەوەی لە هێرشەکانی سەر غەززەدا پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی سەبارەت بە کۆمەڵکوژی پێشێلکردووە، بەڕێوەچوو.
دادگاکە ڕایگەیاند زۆر باش ئاگاداری ئەو تراژیدیە مرۆییەیە کە لە غەززە ڕوو دەدات و زۆر نیگەرانە لە زیانە گیانییەکان.
دادگای لاهای بڕیاریدا لەسەر ئەوەی دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیاری ڕێوشوێنی کاتیی هەیە لەبارەی ئەوەی ئیسرائیل هەندێک لە بەرپرسیارێتییەکانی لە چوارچێوەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی سەبارەت بە کۆمەڵکوژی پێشێلکردووە.
هاوکات دادگاکە بڕیاریدا کە ئەو بانگەشانەی (لە دۆسیەی کۆمەڵکوژییدا) لە دژی ئیسرائیل خراونەتەڕوو “لە ئاستی گونجاودا” سەلمێندراون.
دادگاکە ئاماژەی بەوەیش کرد ئەو غەززەییانەی ڕووبەڕووی هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتەوە، پێناسەی “گرووپی پارێزراو”ی دووهەمین ماددەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کۆمەڵکوژی دەیانگرێتەوە.
هەر سەبارەت بە دۆسیەی کۆمەڵکوژی، دادگای لاهای بڕیاریدا دۆخی مرۆیی کارەساتبار لە غەززە “مەترسی بەپەلەیە” کە پێویستە بە بڕیاری ڕێوشوێنی کاتیی لەبارەوە بدرێت.
لەو چوارچێوەیەشدا دادگای لاهای بڕیاریدا پێویستە ئیسرائیل هەموو ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ ڕێگریی کردن لەو کارانەی لە چوارچێوەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدرێن.