بەتۆمەتی (موساد)بوون ئێران چوار گەنجی کورد لەسێدارە دەدات

بەتۆمەتی پەیوەندی سیخوڕی بۆ مۆسادی ئیسرائیل، لە (18ی ئەیلوولی 2023) لە لقی 26ی دادگای تاران سزای لەسێدارەدان بۆ چوار گەنجی کورد دەرکراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 29ی 1ی 2024، ماڵپەری دەسەڵاتی دادوەری ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی چوار گەنجی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە، کە هەر چواریان زیندانی سیاسیی بوون.
ئەم چوار زیندانییە سیاسییە کوردە بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم تەمەن 27 ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، محەمەد فەرامەرزی تەمەن 28 ساڵ خەڵکی شارۆچکەی دێوڵانی پارێزگای سنەیە، وەفا ئازەربار تەمەن 26 ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان و پژمان فاتیحی تەمەن 29 ساڵ و خەڵکی شاری کامێرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەج سزاکەیان بەسەردا جێبەجێکراوە، لە کاتێکدا زیاتر لە 19 مانگ بوو زیندانی کرابوون و لە مافی بوونی پارێزەریش بێبەشکرابوون.
دەسەڵاتی دادوەری ئێران پاساوی لەسێدارەدانی ئەم چوار گەنجە سیاسییە کوردەی بۆ بوونی پەیوەندی سیخوڕی بۆ مۆسادی ئیسرائیل گەڕاندووەتەوە، کە لە (18ی ئەیلوولی 2023) لە لقی 26ی دادگای تاران سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە، بەڵام رێکخراوی هەنگاو ئاماژەیداوە، تەنانەت بەپشتبەستن بە پێوەرە ناوخۆیییەکانی ئێرانیش کەمترین پێوەرەکانی دادگاییکردنێکی شەفاف و دادپەروەرانە لە دۆسیەکەیاندا رەچاو نەکراوە و مافی بوونی پارێزەریشیان نەبووە، بۆیە ناڕونییەکی تەواو لە دۆسیەی تۆمەتبارکردن و دادگاییکردنەکەیاندا هەیە.
هەروەها خانەوادەکانی هەر چوار گەنجە لەسێدارە دراوەکە تۆمەتەکانی دەسەڵاتی دادوەریی، دادگا و هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیان رەتکردووەتەوە، کە کوڕەکانیان هیچ پەیوەندییەکیان بەکاری سیخوڕییەوە هەبووبێت.