رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامی رەخنەکانی عێراق دەداتەوە سەبارەت بە لیستی ناوی مووچەخۆران

بەگوێرەى نووسراوێکى وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە لە 25ى کانوونى دووەمى 2024 ئاڕاستەى وەزارەتى  دارایی عێراقى کردووە، وەڵامى ئەو تێبينیانەى داوەتەوە کە پێشتر وەزارەتەکەى عێراق ئاڕاستەى کردبوون لەبارەى لیستى مووچە خۆرانى هەرێمى کوردستان. 

لە نووسراوێکى فەرمیدا کە تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق لە 28ـی کانوونى یەکەمى 2023 ئاراستەى نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستانى کردووە لە بەغدا، شەش تێبینى ئەو وەزارەتەى پێگەیاندوون لە بارەى ژمارەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانى تۆڕى کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستان، کە لەسەر بنەماى راپۆرتى دیوانى چاودێرى دارایی عێراق بووە. 

وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان وەڵامى خاڵ بەخاڵى تێبینییەکانى وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى داوەتەوە کە پێشتر لە 23ى کانوونى دووەم تۆڕى میدیایی رووداو بڵاویکردەوە.

رەگەزی نێر و مێی لیستی مووچە

یەکێک لە تێبینییەکانى وەزارەتى دارایی عێراق ئەوە بوو، کە زانیارییان پێنەدراوە لەبارەى رەگەزى نێر و مێى مووچەخۆران لە هەرێمى کوردستان.

وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وەڵامی ئەمەدا دەڵێت، لێژنەى هاوبەشی هەردوو دیوانى چاودێرى دارایی عێراق و هەرێمى کوردستان داواى دابەشکارى رەگەزى فەرمانبەرانیان نەکردووە. هاوپێچ لەگەڵ نووسراوى وەڵامەکەیدا بۆ بەغدا، ئەو دابەشکارییەى فەرمانبەرانیان لەسەر بنەماى رەگەز بۆ ناردوون.

وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاماژەی بەوەشداوە، پێشتر ئەو میلاکانەیان ناردووە بۆ یاسای بودجەى گشتى و بۆ مانگى حوزەیرانى 2023  میلاکاتى مووچەخۆرانیان بەگوێرەى رەگەزى نێز و مێ ناردووە.

بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتى، دەبێت لیژنەیەکى هاوبەشی هەردوو دیوانى چاودێرى دارایی عێراق و هەرێمى کوردستان، وردبینى لە لیستى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش ساڵى 2023 هەردوو دیوانەکە ئەو هەنگاوەیان نا، دیوانى چاودێرى دارایی عێراق تیمێکى رەوانەى هەرێمى کوردستان کرد. 

ناونیشان و پلەی وەزیفی فەرمانبەران

یەکێک لە تێبینەکانى دیکەى وەزارتى دارایی عێراق ئەوە بووە کە، خشتەى ناونیشانى وەزیفی و پلە و پارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان پێنەدراوە و تەنیا ژمارەى پلەى وەزیفییان پێدراوە و زۆربەى ئەو زانیارییانەى پێیانگەیشتوون بە زمانى کوردى بووە.

وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوەداوە، هاوپێچ لەگەڵ نووسراوى وەڵامەکەیاندا زانیارییەکانیان پێدەدەن، بەگوێرەى ئەو شێوازەى داوایان کردووە.

سەبارەت بە ناردنی لیستەکەش بە زمانی کوردی، وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئەوەى پەیوەندارە بە پێدانى ئەو زانیارییانە بە زمانى کوردی، ئەوە پشت بەستوو بووە بە مادەى چوارى دەستوور، کە زمانى کوردى وەک زمانى فەرمى لە عێراق ناساندووە و ئەوە بەربەست نەبووە لە بەردەم لیژنەى چاودێریى هاوبەشى نێوانیان و ئەندامانى تیمى هەرێمى کوردستان لەو لیژنە هاوبەشەکەى نێوانیان لە کاتى ئەنجامدانى وردبینى هاوبەشیان زانیارییەکانیان وەردەگێڕایە سەر زمانى عەرەبی. 

فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی

وەزارەتى دارایی عێراق ئاماژەى بەوەدابوو، هەرێمى کوردستان میلاکى فەرمانبەرانیان بەجیا لەسەر ئاستى هەر وەزارەتێک پێنەداون، تاوەکو بزانن ژمارەى مووچەخۆرانى مەدەنى و سەربازیى چەندە و ئەو زانیارییانەى هەرێمى کوردستان رادەستى کردوون لەبارەى پلەى وەزیفى، جیاوازە لەوەى لە خشتەى یاسای بودجەى گشتیدا هاتووە.

لەبەرامبەردا وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان دەڵێت، لیستى مووچەخۆرانى مەدەنى بەگوێرەى پلە و ناوەکانیان لەسەر ئاستى هەموو وەزارەتێک دراوەتە لێژنە هاوبەشەکەى نێوانیان، هەرچى پەیوەندارە بە مووچەخۆرانى سەربازیى بەپلەى وەزیفى و ناونیشانیان دراوەتە لیژنە هاوبەشەکە و لە راپۆرتە هاوبەشەکەیاندا جێگەى کراوەتەوە.

جیاوازی لە ژمارەی پلەی وەزیفی

وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، تێبینیان کردووە پلەى وەزیفی فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئەوەى لە یاسای بودجەى گشتى هاتووە، جیاوازە.

وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان لەو بارەیەوە دەڵێت: ئەوە پەیوەندارە بەوەى وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵ 23 هەزار و 790 پلەى وەزیفی  لە میلاکى هەرێمى کوردستان کەم کردووەتەوە، ئەوانەش ئەو پێشمەرگانە بوون کە خراونەتە سەر وەزارەتى بەرگریی عێراق و لە لیستەکانى وەزارەتى دارایایی ئاماژەى پێنەدراوە و تاوەکو ئێستاش شایستەى دارایی ئەو پێشمەرگانە لەلایەن وەزارەتى بەرگریى عێراقەوە خەرجنەکراوە.

ناوی دووبارە لە لیستی مووچەخۆراندا

لە بەشێکى دیکەی تێبینییەکانى وەزارەتى دارایی عێراقدا ئاماژە بەوەکراوە کە دووبارەبوونەوەى ناوی مووچەخۆر هەیە لە نێوان تۆڕى کۆمەڵایەتى و خانەنشینى، هەروەها دووبارەبوونەوەی ناوی مووچەخۆر هەبووە لە خانەنشیناندا لەکاتێکدا ئەوانە فەرمانبەر بوون، بۆیە داوایکردووە ئاگاداریان بکەنەوە لە پاڵپشتى یاسایی سەبارەت بەو پرسە.

لە وەڵامدا وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان رایگەیاندووە، لە راپۆرتى هاوبەشی چاودێریى هەردوولادا روونکرنەوەى بەڕێوەبەرایەتى گشتیی خانەشینی هەرێمى کوردستانى تێدایە کە ئاماژەى بەوەداوە بەگوێرەى یاسا کارپێکراوەکانى هەرێمى کوردستان دەکرێت کەسێک مووچەى خانەنشینى، بەخشین و هاوکارى تۆڕى کۆمەڵایەتى پێکەوە هەبێت. دیوانى چاودێرى دارایی هەرێمى کوردستان بە هاوکارى فەرمانگەى هاوئاهەنگى و بەدواداچوونى سەر بە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ئەو پرسەى لەگەڵ وەزارەتى کاروکاروکارى کۆمەڵایەتى چارەسەر کردووە.

دووبارەبوونەوەی ناوی خانەنشینان

تێبینییەکی دیکەی وەزارەتی دارایی عێراق دووبارەبوونەوەى ناوە لە لیستى خانەنشینەکانی هەرێمی کوردستان.

لە نووسراوەکەى هەرێمى کوردستاندا هاتووە، روونکردنەوە دراوەتە لیژنە هاوبەشەکەى نێوانیان بەوەى کە هەندێک خانەنشین هەن ناویان لە لیستى خانەنشینى دووبارە بووەتەوە، کە ئەو کەسە هاوکات بەخێوکار و سەرپەرشتیکارى میراتگر (منداڵى واریس)ـە و لە برى ئەوان ناوى لە لیستەکەدا هاتووە. ئەوە جگە لەوەى مووچەى بەشێک لەو خانەنشینانەى کە ناویان هاتووە راگیراوە، بەگوێرەى یاساى چاکسازى مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینى ساڵى 2020. 

وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان لە وەڵامەکەیدا ئاماژەى بەوەشداوە، هەندێک لە ناوە دووبارەبووەوەکان ئەو فەرمانبەرانەن کە خانەنشین کراون، بەڵام مامەڵەى خانەنشینبوونیان دواکەوتووە، ئەوە بووەتە هۆى دووبارەبوونەوەى ناوەکانیان لە لیستى بە بەڕێوەبەرایەتى خانەنشینى و وەزارەتەکانیان؛ ئەوەش هەڵەیەکى “کارگێڕى” بووە و مانگى دواتر چارەسەر کراوە.

ژێدەر: رووداو

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button