وەزیری بەرگری تورکیا لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە
ئێوارەی رۆژی سێشەممە یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گوراک، سوپاسالاری ئەو وڵاتە گەیشتنە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.
لەبارەی سەردانەکەوە، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ” شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گوراک، سوپاسالاری تورکیا کرد”.
ئەمڕۆ کاژێر 09:30، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
بڕیارە یەشار گولەر لەگەڵ مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش کۆببێتەوە.