هاوسەری ئەبوبەكر بەغدادی نهێنییەكانی مێردە كوژراوەكەی ئاشكرا دەكات

هاوسەری ئەبوبەکر بەغدادی دەڵێت، بەغدادی بەهۆی ئارەزووەكانییەوە دەوڵەتەكەی كردبوو بە دەوڵەتی ژنان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە هاوسەری ئەبوبەكر بەغدادی ئەمیری پێشووتری ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ یەكەم جار چەند نهێنییەك لەبارەی مێردە كوژراوەكەیەوە ئاشكرا دەكات و دەڵێ ئارەزووەكانی بۆ ژنان وای كردبوو دەوڵەتە ئیسلامییەكەی داعش بگۆڕێ بۆ دەوڵەتی ژنان.
كەناڵی (ئەلعەرەبیە)، پێنج ساڵ دوای كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی، یەكەم دیداری تەلەڤزیۆنی لەگەڵ ئەسما محەمەد هاوسەری ئەبوبەكر بەغدادی بڵاو كردەوە، كە تیایدا ئەسما محەمەد نهێنیی سەیر لەبارەی ژیانی مێردە كوژراوەكەیەوە ئاشكرا دەكات.
هاوسەرەكەی بەغدادی كە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ دەستبەسەرە، ئاماژە بەوە دەدات كە بەغدادی زیاتر لە 10 كچە كوردی ئێزیدی كردبوو بە “سەبايا”ی خۆی و دەستدرێژیی كردوونەتە سەر.
هەروەها ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە بەغدادی لەو ماوەیەی ئەمیری داعش بووە، كیژۆڵەیەكی عێراقی خوار تەمەن 13 ساڵی كردووەتە هاوسەری خۆی، كە ئەوكات كیژۆڵەكە لە تەمەنی كچەكانی خۆی بووە.
ئەسما محەمەد باس لە یەكەم جار دەكات كە زانیویەتی هاوسەرەكەی دەستی لەگەڵ كاری تیرۆریستیدا هەیە، ئەو كاتەی ساڵی 2008 لە سامەڕا زانیارییان پێ گەیشتووە كە بەغدادی لەلایەن ئەمریكییەكانەوە داوا كراوە، چونكە ئاشكرا بووە موفتی داعش بووە.
لەبارەی ژمارەی منداڵەكانی ئەبوبەكر بەغدادیشەوە دەڵێ ژمارەیان نازانێت و زانیاریی نییە لەبارەی ژمارەی هاوسەرەكانی بەغدادییەوە، ئاماژەش بەوە دەدات كە بەغدادی بەردەوام دووپاتی كردووەتەوە كە را و بۆچوونی هاوسەر و دایكی منداڵەكانی گرنگ نییە بە لایەوە و ئەو خۆی بڕیار لەسەر ژیانی خێزانی و منداڵەكانی دەدات.