جیهانرۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

ناوەرۆکی کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرا کرا

ئەمڕۆ دووشەممە  2/26، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن ، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەیەکی دۆستانەدا، گفتوگۆ لەبارەی چەندین تەوەری جێی بایەخی هاوبەش و پەیوەندیدار بە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان کرد وەک هاوبەشێکی جێی بایەخی ئەمەریکا، جەختیشی لەوە کردەوە کە  هاوبەشیمان لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش، بەرژەوەندیی هاوبەش و پێکەوە قوربانیدانی هاوبەش بنیاتنراوە. 

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر سەردانی سەرۆکی حکومەت  و دیدارەکانی لە واشنتن نیشاندا و پشتیوانیی ئەمەریکاشی بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدرالی لە چوارچێوەی عێراقدا نیشاندا . 

سەرۆکی حکومەت سوپاسیی پشتیوانیی بەردەوامیی ئەمەریکای لە هەرێمی کوردستان کرد و دووپاتی کردەوە کە وەک هاوبەشێکی ئەمەریکا، پێكەوە چەندین قۆناغی سەختمان تێپەڕاندوون و بە هیواین بە یەکەوە ڕووبەڕووی  ئاستەنگ و ئاڵنگارییە نوێیەکان ببینەوە.

پاراستنی ئاسایشیی هەرێمی کوردستان ، چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجە و داببینکردنی شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کورستان و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووری هەرێم و پاراستنی مافی پيکهاتەکانی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیاکان لە دەڤەرەکە، تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بوون.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە بڕیاڕەکانی دادگای فیدراڵی و هەنگاوەکانی دژی هەرێم و سیستەمی فیدراڵی لە عێراق، مایەی نیگەرانین و پێویستە ڕێز لە قەوارەی دەستووری هەرێم و سیستەمی فیدراڵی و بنەما دیموکراتییەکان لە عێراق بگیرێت. 

هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ، بەشە بودجەی خۆی پێ بگات .

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button