
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود برای محەممەد حاجی مەحموود، لەیەکەم لێدوانیدا گوتی: بە بڕیاری دوورخستنەوەم پابەند نابم.
ئەمرۆ سێشەممە 05-03-2024 ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکرات کوردستان بە سەرپەرشتیی محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری پارتەکە کۆبووەوە و بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدوڵڵای برای دا ، هەروەها سەرجەم موڵک و ماڵی حیزبی لێی وەربگیرێتەوە.
هەر ئەمرۆ سێشەممە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لەبارەی دوورخستنەوەی لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان گوتی: سەرۆک و جێگر بە دەنگی ئەندامان لە کۆنگرە دانراون، بۆیە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی نییە سەرۆک و جێگر دووربخاتەوە و ئیش و کارەکانمان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ بکرێن.
گوتیشی: ڕێزم بۆ سەرکۆ هەیە بەڵام هەر بڕیارێک لە دەرەوەی پەیڕەو بدرێت کاری پێناکرێت و تاوەکو کۆنگرەی ئاسایی دەکرێت من جێگری سەرۆکم و شەرعییەتی خۆمم هەیە.
ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە لە کاتی هەڵبژاردنداین، ئێستا دەبێت کۆدەنگی دروست بکرێت، نەک حیزب کەرت بکرێت و پەرتەوازەیی دروست بکرێت.



