
بەگوێرەی پێشبینیەکانی کەشناسی، لەماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت.
ئەمڕۆ هەینی 15/3/2024، بەشی پێشبینیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشبینییەكانی كەشوهەوای 48 كاتژمێری داهاتووی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە داوە، ئەمڕۆ ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان، بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکاندا، نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت، لە شەویشدا ڕێژەی دابارین لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی کەمێک زیاتر دەبێت، هەندێک کات لە کاتى باران، هەورەتریشقەشى لەگەڵدا دەبێت.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو، سبەی شەممە، ئاسمان بە گشتی نیمچەهەور دەبێت، لە هەندێک ناوچە بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت، لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیشدا ئەگەری کەمێک نمەباران هەیە.



