سوودانی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک دەکات

سەرۆکوەزیرانى عێراق، فەرمانی کردوە کە هاوکاریى پێشکێش بە زیانلێکەوتووانى لافاوەکەى پارێزگاى دهۆک بکرێت.
رۆژی 20ـى ئادارى 2024، فەرماندەیى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق رایگەیاند، لەسەر فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان، سەرجەم تواناکانیان دەخەنەگەڕ بۆ بەهاناوەهاتنى لێقەوماوانى لافاوەکەى پارێزگاى دهۆک.
ئەو فەرماندەییە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە داوە، محەممەد شیاع سوودانى داواى لە ناوەندى قەیران و کارەساتەکانى سەر بە وەزارەتى ناوخۆ کردووە هەموو پاڵپشتی و هاوکارییەکى پێویست بۆ هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان دەستەبەر بکەن.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، فەریق روکن قەیس مەحمەداوى، جێگرى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پەیوەندى بە لایەنى پەیوەندیدارى حکومى و خۆجێی و یەکە ئەمنییەکان لە هەرێمى کوردستان کردووە بۆ دیاریکردنى کارى لەپێشینە و شێوازى پێشکێشکردنى هاوکارییەکان بۆ زیانلێکەوتووانى ئەو لافاوە.
قەیس مەحمەداوى رایگەیاند، کارى یەکە ئەمنییەکان لە هەرێمى کوردستان و تیمە تایبەتمەندەکانیان بەردەوامە بۆ پێشکێشکردنى هاوکارى بە هەموو رێگەیەک بۆ بەهاناوەهاتنى زیانلێکەوتووان.