ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی پرسی مووچە کۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم تایبەت بە دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە بابەتی مووچەی مانگی شوباتی 2024، کۆدەبێتەوە.
وابڕیارە سبەی چوارشەممە 26/3/2024 بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیران بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك کۆببێتەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
بەگوێرەی زانیاریەکان، کۆبوونەوەکە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ لە هەولێر بەرێوەدەچێت و لەلایەن وەزیری دارایی و ئابووری بە راپۆرتێک دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران.
بەپێی کارنامەکەی، کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران چوار خاڵی سەرەکی لە خۆ دەگرێت، کە بریتین لە:
– دوا پێشهاتەکانی تایبەت بە مووچەی مانگی شوباتی 2024.
– بابەتی بڕیار و رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق تایبەت بە راکێشانی کاش بە دۆلار و دەرکردنی بڕیار بۆ میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیار و رێنماییانە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستانەوە.
-خستنەڕووی کۆنووسی لیژنەی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕگەی سێیەمی مادەی 13ـی یاسای چاکسازی کە تایبەتە بە پابەندکردنی وەزارەتی دارایی کوردستان بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەکان.
-خستنەڕووی نووسراوی سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 107ـی 21-12-2023 تایبەت بە خانەنشینی لە رۆشنیایی بڕیاری ژمارە 226ـی ئەنجوومەنی وەزیران لە 20ـی ئەیلوولی 2023 کە بە نووسراوی ژمارە 149 لە 14-1-2024ـی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاڕاستەی سکرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە.