سەرکردەیەکی پارتی پلانێکی دەرەکی لەدژی حزبەکەی ئاشکرا دەکات
سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حزبەکەی زانیاری وردی دەستکەوتووە کە تێیدا “دەستی دەرەکی” دەیەوێت دەستێوەردان بکات لە چۆنیەتی دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر لایەنەکاندا.
فازڵ بەشارەتی، سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “دانانی ژمارەی کورسییەکان بۆ لایەنەکان لە ئێستاوە گومان نییە، بەڵکو زانیاری 100% هەیە، پارتی ئاگاداری دەستی دەرەکییە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان.”
دەشڵێت، “ئەوەندە کورسی بۆ هەندێک لایەن دانراوە شاگەشکە بوون لە خۆشیدا. کورسییەکانی داهاتووی پەرلەمان لە ئێستاوە زۆر بە خراپی دابەشکراون، پارتی لە نێوان 27 بۆ 35 کورسی بەدەستی دەرەکی بۆ دانراوە.”
ڕۆژی 10ی مانگی شەشی 2024، وەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت.
هەرچەندە زۆربەی لایەنە سیاسییەکان لیستی ناوی کاندیدەکانیان ڕادەستی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کردووە، بەڵام پارتی لیستی ناوی کاندیدەکانی پێشکەشی کۆمیسیۆن نەکردووە و لە ڕۆژی 18ی مانگی سێ بە فەرمی ڕایگەیاند بەشداری لەو هەڵبژاردنە ناکات چونکە “ئەجێندای دەرەکی” بەڕێوەی دەبات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 2ی مانگی چواری 2024، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جنین پلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، “پێویستە هەڵبژاردن لە بارودۆخێکی ئاسایی و یاسایی و دوور لە پێشێلکاری دەستووری و دەستوەردان و دیزاینی پێشوەختە ئەنجام بدرێت و ڕێز لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستانیش بگیرێت.”