بەڕێوبەری پەروەردەی کەلار داوا لە خێرخوازانی سەرتاسەری کوردستان دەکات، لەگەڵ ئەو هاوکاری و کارەخێرخوازییانەی بۆ مزگەوت و شوێنە ئاینییەکانی دەکەن بەشێکی بۆ کەرتی پەروەردەی گەرمیان دەبین بکەن.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی لێنزنیوز بەڕێوبەری پەروەردەی کەلار “عەدالەت لەتیف عوبێد” ڕایگەیاند داوا لە خێرخوازانی سەرتاسەری کوردستان دەکەم لەگەڵ هاوکاری و کارە خێرخوازییەکانییان بۆ مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان، هاوکاری پەروەردەی گەرمیان بکەن بۆ دروستکردنی بینای نوێی قوتابخانە و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە کۆنەکان کە پێویستی زۆریان بە نۆژەنکردنەوەیە.
بەڕێوەبەرەکەی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد کە داوایان لە حکومەت کردووە بۆ دروستکردنی بینای نوێی قوتابخانە بۆ چارەسەری گرفتی قوتابخانەی سێ دەوامی بەڵام تاکو ئێستا ئیدارەی گەرمیان تەنها بڕیاری بۆ نۆژەنکردنەوەی ٥ قوتابخانە دەرچوواندووە.
لە ئێستادا سنووری ئیدارەی گەرمیان نزیکەی ٨٥ هەزار قوتابی هەیە و پێویستی بە نزیکی ٢٠ قوتابخانەی نوێ هەیە بۆ ئەوەی چیتر شێوازی سێ دەوامی نەمێنێت. هەر بەپێی قسەکانی بەڕێوبەری پەروەردەی کەلار، نزیکەی ٦٥ بینای قوتابخانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.
سەبارەت بە ڕێژەی میلاکی مامۆستایان، بەڕێوبەرەکە باسی لەوە کرد ڕاستە لە ئێستادا بە شێوازی مامۆستای وانەبێژ کێشەی میلاکی مامۆستامان نییە بەڵام پەروەردە بوارێکی بەردەوام و هەمەلایەنە. بۆ داهاتوو پێویستمان بە مامۆستای زیاتر دەبێت.
شاری کەلار سەر بە ئیداری سەربەخۆی گەرمیانە و ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە.