
لەبارەی هەڕەشەکردن لە رۆژنامەنووسان و چەند دەزگایەکی راگەیاندن لە شاری سلێمانی، لێژنەی داکۆکی لە ئازادی مافی رۆژنامەگەری و مافی رۆژنامەنووسان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
لە روونکردنەوەکەی لێژنەی داکۆکی لە ئازادی مافی رۆژنامەگەری و مافی رۆژنامەنووسان ئاماژە بەوە دراوە کە ئەمڕۆ دووشەممە 29/4/2024، چەند دەزگایەکی راگەیاندن لە سایت و پەیجی خۆیان ئاماژەیان بەوە داوە کە هەڕەشەیان لێکراوە.
ئەوەش خراوەتە روو کە هەر ئەمڕۆ رۆژنامەنووس بەشدار بازیانی پەیوەندی بە لێژنەکەیانەوە کردووە لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان سکاڵای تۆمارکردووە، بەهۆی ئەوەی هەڕەشەیەکی توندی لێکراوە کە شاربەدەر دەکرێت.
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە: “ئێمە لە لێژنەی داکۆکی داوا لە بەرپرسانی ئیدارەی شاری سلێمانی دەکەین پشتیوانی رۆژنامەنووسانی ئەم دەڤەرە بن، چیتر نەهێڵن کەس ولایەنێک هەڕەشە لە رۆژنامەنووس بکات و هێرش بکاتە سەر دەزگاکانی راگەیاندن، داوای سەلامەتی گیانی بۆ ئەم رۆژنامەنووسە و هەموو ئەم رۆژنامەنووسانەی هانایان بۆ سەندیکا هێناوە لەم خۆرە هەڕەشە و ترس لەسەریان.”



