کوردستانهەواڵ

بابەتی یەکپۆشیی زانکۆکان لە لای وەزارەتی خوێندنی باڵا نەبووەتە پرس

وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژە بەوە دەکات، ھەوڵدەدەن سەرجەم دەرچووانی پۆلی ١٢ـی ئامادەیی، كە فۆرمی زانكۆلاین پڕدەكەنەوە لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەربگیرێن. هەوەها بابەتی یەکپۆشی لای ئەوان هێشتا نەبووەتە پرسێک تاوەکو بیری لێ بکەنەوە و بڕیاری لەبارەوە بدەن.


ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا لەبارەی وەرگرتنی دەرچووانی قوتابیانی پۆلی ١٢ ڕایدەگەنێت کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە داتاکانیان بۆ نەهاتووە و تەنها هەندێک ئاماری سەرەتاییان پێگەیشتووە، بەڵام لە زانکۆ و کۆلێژەکان ئامادەکارییان کردووە و “هەموو دەرچووان دڵنیادەکەمەوە کە وەک ساڵی رابردوو ناهێڵین هیچ کام لە دەرچووان دەرفەتیان لەدەست بچێت، هەوڵیشدەدەین ١٠٠٪ـی داواکارانی زانکۆلاین لەناو زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت”.


وەزیری خوێندنی باڵا، ئاماژەی بەوەشدا: دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردە تەواوی داتاکانی دەرچووانی پۆلی ١٢ـی ئامادەیی بۆ ڕەوانە کردن، پێویستیان بە ماوەی ٢٠ رۆژ دەبێت بۆ ئەوەی پڕۆسەکە لای ئەوان تەواو بێت.
لەبارەی بابەتی یەكپۆشییەوە ، وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، تاوەكو ئێستا ئەو بابەتە لای ئەوان نەبووەتە پرس، تاوەکو بیری لێبكەنەوە و بڕیاری لەبارەوە بدەن و ” زانکۆکان خۆیان دەتوانن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن”.

پرسی یەکپۆشی بۆ یەکەمجار لە زانکۆی سەڵاحەددینی شاری هەولێر لە ڕێککەوتی ٢٦ـی تەممووزی ٢٠٢٢، راگەیاندرا و ڕاپرسی لە بارەیەوە کرا، هاوکات ١٠ـی ئابی ٢٠٢٢ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەلایەن د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆوە بڕیاری لەسەردرا و لە یەکی ئۆکتۆبەر جێبەجێ دەکرێت.

میدیا مەگەزین- هەولێر

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button