پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند “بانكی تی بی ئای” هاتووەتە ناو پڕۆژەی هەژماری من و ئێستا حەوتەمین بانكە، لەو حەوت بانكە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان سەرپشكن كامیان هەڵدەبژێرن.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، هیچ بەربەستێك لەبەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەماوە و ئێمەش دەمانەوێت كێشە مووچە چارەسەربکرێت و دەشڵێت، ” بۆ بە بانكیكردنی مووچەی مووچەخۆران، فەرمانبەران سەرپشكن چ بانكێك هەڵدەبژێرن”.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا باس لە بابەتی بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرە گرێبەستەكان كرا كە 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەن و تیمێك راسپێردرا لە ماوەی 15 رۆژدا راپۆرتێكی ورد لەسەر گرێبەستەكان ئامادەبكرێت و لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆدەكرێت كە بكرێنە هەمیشەیی.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، “دوو بەربەست لەبەردەم ناردنی مووچە هەبووە كە بابەتی بە بانكیكردنی مووچە و رادەستكردنی داهاتی ناوخۆ بووە و جێبەجێدەكرێن و لە ئێستادا هیچ بەربەستێك لەبەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەماوە و لە پرسی بە بانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانیشدا، فەرمانبەران سەرپشكن چ بانكێك هەڵدەبژێرن”.
لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمیش، وتەبێژی حكومەت وتیشی، “رێككەوتن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كراوە، بەڵام تائێستا جێبەجێنەكراوە و كێشە لەسەر بابەتی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم كە دانوستانەكان لەو بارەیەوە بەردەوامن”.