بەغدا پارەی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان دەنێرێت
وردبینى لە لیستى مووچەى مووچەخۆرانی سەربازی تەواو بووە و لەگەل گەیشتنی پارەکە وادەی دابەشکردنی ڕادەگەیەنرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، “چاوەڕوانین ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق بڕیار لە ناردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان بدات و سبەینی پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و لەگەڵ گەیشتنی پارەکەش وادەی دابەشكردنی مووچە رادەگەیەنین”.
سەرچاوەکە ئاماژەى بەوە کرد “لە هەفتەی رابردووەوە پڕۆسەی وردبینی لیستی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمى کوردستان، لەبەغداش تەواو بووە، چاوەڕوانین ئەمڕۆ وەزارەتیی دارایی عێراق بڕیار لە ناردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بدات و سبەینێ پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی”.
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژى چوارشەممە، وەزارەتى دارایى و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان لیستى مووچەى مانگى چوارى بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە کراوە خشتەکە بەگوێرەى ئەو تەمویلە ئامادە کراوە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە نێردراوە و لە ریزبەندیى لیستەکە مووچەى هێزەکانى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانى تیادا نەبوو.