کوردستانگرنگ

ڕێژەی سەوزایی لە سلێمانی کەم دەبێتەوە

دوای 17 مانگ لە ڕاگەیاندنی هەڵمەتی “چاندنی یەک ملیۆن نەمام” لە سلێمانی، تەنیا 500 نەمام چێنراون و ئەوانیش وشک بوون.

بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکان، ڕێژەی سەوزایی لە شاری سلێمانی 12%ـەیە و بەپێی ستانداردی جیهانی و ڕێنمایی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستانیش، پێویستە سەوزاییەکەی لە سەرووی 15%ـەوە بێت، بەڵام بەهۆی فرۆشتنی بناری گۆیژە (ناوچەی دەباشان) کە بە “سییەکانی سلێمانی” ناسراوە بۆ دروستکردنی شاری نیشتەجێبوون، ئەم ڕێژەیە کەمتر دەبێتەوە و ئەمەش دانیشتووانی شارەکەی نیگەران کردووە.

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان وەک کاردانەوەیەک دژی بڕینەوەی سێ هەزار داری بناری گۆیژە، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 هەڵمەتی چاندنی یەک ملیۆن نەمامی ڕاگەیاند و یەکەم هەنگاویش 500 نەمام چێنران کە بەهۆی بێ ئاوییەوە دوای سێ مانگ وشک بوون. ئێستاش بناری گۆیژە لە سێ شوێنەوە لەلایەن ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتمانی فرۆشراوە بە کۆمپانیاکانی شارە نیشتەجێبووەکان.

ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا شەش شوێنی جیاوازی لە بناری گۆیژە کە بە سییەکانی سلێمانی بەنێوبانگە و جوانترین دیمەنی هەیە، بە قازانجی 30%ـی داهات، فرۆشتووە بە چەند کۆمپانیایەکی دروستکردنی شاری مۆدێرنی نیشتەجێکردن. تەنانەت تاوەکو ئەمرۆش، کۆمپانیاکان لە پشتی شاخی گۆیژە بۆ دروستکردنی 70 ڤێلای گەشتیاری و لە باکووری خۆرئاوای شاخەکەش خەریکی دادڕین و هەڵکۆڵینن.

کۆمپانیاکان نایشارنەوە کە زەوییەکانیان لە چوارچێوەی پڕۆژەی وەبەرهێنان و لە ئیدارەی گشتیی یەکێتیی وەرگرتووە بۆ ئەوەی ڤێلاکانی نیشتەجێبوونی لێ دروست بکەن. پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونیش کە لە بنار و پشتی شاخی گۆیژە دروست کراون و دروست دەکرێن بریتین لە ‘بەرزاییەکانی یەک، دوو و سێ، شاری ئارام، شاری دۆڵەمیران، زە هێڵس و شارێکی پێشکەوتووی نوێ’.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button