
ئەو هاوکارییە ماددییەی لەلایەن سەرۆکی حکومەتی ههرێمهوه پێشکەشی دوکاندارانی بازاڕی “چەلێ” کرابوو، بەسەر خاوهن دوكانهكاندا دابەشکرا.
ئهمرۆ چوارشهممه، دوکاندارانی بازاڕی “چەلێ” قەرەبوو کرانەوە، کە زیانەکانیان بە سێ جۆر پۆلێن کراوە: ئەو دووکانانەی راستەوخۆ لە ئاگرکەوتنەوەکەدا سووتان، ئەو دووکانانەی بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکە زیانیان بەرکەوت، ئەو دووکانانەی لەکاتی کۆنتڕۆڵی ئاگرەکەدا کەلوپەلەکانیان تێکچوو.
هەروەها ئەو بڕە پارەیەی بەسەر 260 دووکاندارەکەی دهۆکدا دابەشکرا، سێ ملیار و 973 ملیۆن و 923 هەزار دینار بوو. دووکاندارەکان لە یەک ملیۆن دینارەوە تاوەکو 140 ملیۆن دینار قەرەبوویان وەرگرت.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا كه ئهمرۆ چوارشهممه سازیكرد، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، هاوکاریی ماددیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشکەشی ئەو خاوەن دوکانانە دەکرێت کە بەهۆی ئاگرەکەی بازاڕی “چەلێ” زیانیان پێ گەیشتبوو.
سهبارهت به هاوكاریی ئهمجاره و جیاوازییهكهی لهو هاوكارییهی كه پێش جەژنی ڕەمەزانی ڕابردوو، پێشکەشی ئەو دوکاندارانە کرابوو، پارێزگاری دهۆک وتی، “هاوکارییەکەی ئەمجارە جیاوازە و قەرەبوکردنەوەی بەشێکی ئەو زیانانەیە کە بەر دوکاندارەکان گەیشتووە”.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە رێوڕەسمەکەدا داوای لە دووکانداران کرد پابەندی مەرجەکانی سەلامەتی بن بۆئەوەی ئەگەر دووکانێک سووتا، نەبێتە هۆی ئەوەی بازاڕێک بە تەواوەتی بسووتێت، “ئێستا خەریکی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکەین؛ داواکارم پابەندی مەرجەکان بن.”



