مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی کۆریا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 5/29، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە چۆی سونگ سوو، باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەدا کە سینچۆل لیم، کونسولی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، جەخت لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆریا کرا.
باڵیۆزی کۆماری کۆریا، ستایشی دیدگای سەرۆکی حکومەتی کرد لە کارکردن بە ئاراستەی بەرەوپێشبردن وگەشەپێدانی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا.
باڵیۆزی کۆریا هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد کە بیست ساڵ لەمەوبەر تیپی سەربازی (زەیتوون)ی کۆریا هاتنە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە فەرمییەکانی نێوان هەردوولا دەستی پێکرد و چەندین پڕۆژەی گرنگییان لە کوردستان ئەنجامدا بەتایبەتی لە ڕێگەی ئاژانسی هاریکاری نێودەوڵەتیی کۆریا/کۆیکا.
سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی و هاریکاری و بەشداری کۆریای باشوور لە پرۆسەی بەرەوپێشبردنی هەرێم دەربڕی و جەختی لە گرنگیی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی ئەو وڵاتە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.



