
بەپێی ڕاگەیاندراوێک، ئەنجوومەنی وەزارەتی کارەبا، بە سەرپەرشتیی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا چەند بڕیارێکی گرنگی داوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، كە بریکار و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبای پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ئامادە بوون، بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی کارەبا لەنێوان پارێزگاکان درا.
ئەوەش ئاشکرا کراوە، کە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بەرنامەی کارەبا و لە وەرزی هاویندا، تیایدا هاتووە: “بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانی بازیان و خەبات و ماس زیاد دەکرێت و هەوڵ دەدرێت یەکەیەکی دیکەی وێستگەی کواشی بە گازوایل بەگەڕ بخرێت و چاککردنەوەی یەکەکانی وێستگەکانیش ئەگەر زۆر پێویست نەبێت نەخرێتە وەرزی هاوین.”
جەختیش کراوەتەوە، کە تیمەکانی هێڵەکانی پاڵەپەستۆی بەرز وێڕای ئەوەی چاکسازییان لە هێڵەکانی کارەبادا کردووە، لە ئامادەباشیدان بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی تەکنیکی، هەروەها بڕیاری کارپێکردن و تەواوکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک لە شارەکان درا.



