
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری وەڵامی بافڵ تاڵەبانی دەداتەوە و دەڵێت: “ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان ئەرکی خۆی بەباشی جێبەجێ کردووە، ناکرێت بێڕێزیان پێبکرێت”.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ چاوپێکەوتنێکی کردووە، باسی ئۆپۆزسیۆنی کردووە و دەڵیت، “هەندێک جار ئۆپۆزسیۆن هەر دەبێت بەوەی کە خەڵک پێیان پێدەکەنێت.”
لەمبارەیەوە بێستوون حەمە ساڵح، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری گوتی، “سەرۆکی یەکێتی ڕۆژێک پێش یادی دامەزراندنی حیزبەکەی برووسکەی بۆمان ناردووە و ڕۆڵی ئێمەی بەرزنرخاندووە و باسی ئەوانەی نەکردووە”.
گوتیشی: ئۆپۆزسیۆن ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و مایەی پێکەنین نییە ئەو کەسەی ڕەخنە لە کارەکانمان دەگرێت، دەبێت ڕوونی بکاتەوە کە چی پێویست بووە بکرێت و نەمانکردووە.



