بەرێوەبەرایەتی “شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر” لەبارەی “شەقامی ١٥٠ مەتریی هەولێر کێشەی تێکەوتووە” ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
ئەم بڵاوکراوەیە دوای ئەوەهات لە ڕاگەیاندنەکان باس لەوە کراوە بەرێوەبەرایەتی “شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر” ڕیگرە لەبەردەم تەواوبوونی شەقامی ١٥٠ مەتری هەولێر”، لێرەوە رایدەگەیەنین وەكو بەڕێوەبەرایەتی هیچكات رێگر نەبووین لە بەردەم ئەنجامدانی پڕۆژەیەكی وا ستراتیژیدا و تاوەكو ئێستا كارەكانی سێ قۆناغی شەقامەكە بێ گرفت و بەشێوەیەكی زۆر باش بەڕێوەدەچێت، لەو بەشانەی شەقامەكەش كە ئێستا كاری تێدا دەكرێت تەنیا یەك شوێنی شوێنەواری بەر شەقامەكە كەوتووە و ئەویش بەشێوەیەكی زانستی هەڵكۆڵینی رزگاركەر (انقازی) بۆ ئەنجامدراوە”
بۆ پارێزگاریکردن لە شوێنەوارەکانی هەولێر، لە درێژەی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: “بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر نوسراوی كردووە بۆ ئەوەی ئەو شوێنە شوێنەواریانەی بەر شەقامەكە دەكەون لە رێگای كۆیە- كەركوك، كەركوك- موسڵ هەڵكۆڵینی رزگاركەری بۆ ئەنجام بدرێت یان لە رێگەی بەرزە پردەوە بە شێوەیەكی هەندەسی و زانستی شوێنە شوێنەواریی و كەلەپوورییەكان بپارێزرێن”
لە کۆتایی ئەو ڕوونکردنەوەیەدا هاتووە کە کۆمپانیای جێبەجێکاری شەقامی ١٥٠ مەتری، بۆ پاریزگاری شوێنە شوێنەوارییەکان ئامادەی هاوکاری دەربڕیووە.
پڕۆژەی شەقامی ١٥٠ مەتری هەولێر، بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت. بەشێوەی بازنەی بە چێوەی ٧٠ کیلۆمەتر بەدەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە. وابڕیارە بەشی سێیەمی پڕۆژەکە ئەم ساڵ تەواو ببێت.
– هەولێر