لە کابینەی نۆیەمدا زانکۆکانی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی زانستی گرنگیان بەرەو پێشەوە ناوە

زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لە نوێترین ڕیزبەندی سایتەیشن لە وێبساینس (WoS:Clarivate Analytics) دا هەنگاوى زانستى گرنگیان بەرەو پێشەوە ناوە.
لە نوێترین وەشانى ڕیزبەندى زانکۆکانى جیهان، کە وێبسایتى کلاریڤێت (Clarivate) بۆ سایتەیشن لە وێبساینس (WoS: Clarivate Analytics) ئەنجامیداوە، زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان لەسەر ئاستى عێراق و وڵاتانى ناوچەکەو جیهان هەنگاوى گرنگیان بەرەو پێشەوە ناوەو دەسکەوتى زانستى گرنگیان تۆمار کردوە.
لەو ڕیزبەندییەدا: کە ڕۆژى هەینى ڕێکەوتى (2024/5/31) بڵاوکراوەتەوە، تایبەتە بە بەرهەمى زانکۆکان لە نێوان ساڵانى (2019-2023)، لەسەر ئاستى عێراق (86) زانکۆ و دامەزراوەى زانستى لە ڕیزبەندییەکەدا ناویان لە لیستەکەدا تۆمار کراوە، لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستانیش (15) زانکۆ تۆمار کراوە، کە (10) زانکۆى حکومى و (5) زانکۆى تایبەتن، ئەوە لە کاتێکدایە لە وەشانى پێشتر تەنها (13) زانکۆ ناویان هەبوو.
لەم وەشانە نوێیەدا، جگە لەوەى دوو زانکۆى هەرێمى کوردستان بۆ یەکەم جارە بەشداری ئەم ڕانکینگە دەکات و پلەیەکی باشیان لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێراق بە دەستهێناوە، لەهەمان کاتدا بەشێک لە زانکۆکانى دیکەش توانیوانە ڕیزبەندى نوێ تۆمار بکەن، هاوکات هەر لەم وەشانە نوێیەدا زانکۆکانى کوردستان لەو ماوەیەدا توانیویانە بەهەزاران بەڵگەنامە لە (WoS-indexed) تۆمار بکەن، دەیان هەزار سایتەیشن (Citations) لە بەڵگەنامەکانی لە (WoS-indexed) کۆبکەنەوە، بەو شێوەیە توانیویەتى زۆرترین فاکتەری کاریگەر کۆبکەنەوە.
ئەو دەسکەوت و بەرەوپێشچونانەى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لە ڕێزبەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەیەکى گرنگە بۆ بەرەوپێشچونى ئاستی زانستی و ئەکادیمی لە کوردستان، کە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەردەوام هانی مامۆستایان و توێژەران و قوتابیان و خوێندکاران دەدرێت پەرە بەتوێژینەوەی زانستی و تواناکانیان بدەن و، دەرئەنجامی توێژینەوەکانیان بخەنە خزمەت سێکتەرە جیاکان و، چارەسەرى گرفتەکانی کۆمەڵگە بکەن، هەربۆیە بەدەستهێنانى ئەو دەسکەوتە زانستیە گرنگەکان ئەو ڕاستیە دوپات دەکاتەوە، کە وەزارەتى خوێندنى باڵا لەسەر ڕێگەیەکى دروستە بۆ بەهێزکردنى زیاترى تواناى مامۆستایان و، بایەخدان بە کواڵیتی توێژینەوەکان بەپێى ستانداردە زانستییە نێودەوڵەتیەکان و، توێژەرانیش توانیویانە توێژینەوەکانیان لە باشترین گۆڤارە زانستییە جیهانیاکاندا بڵاو بکەنەوە و، زۆرترین فاکتەری کاریگەر کۆ بکەنەوە.
