بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر ڕایگەیاند، ڕێژەی توندوتیژیی لە هەولێر و دەورووبەری زیاتر لە سەدا 5 کەم بووەتەوە.
عەقید سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر، ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو لەگەڵ ستافی بەڕێوەبەرایەتی و ستافی نووسینگەکانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان، توانیومانە پلانێکی تۆکمە دابنێین، بە کاراکردن و پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە سەنتەرەکانی ڕاوێژکاری خێزانی کە لە هەموو بەڕێوەبەرایەتیی سەنتەرەکانی ڕاوێژکاری هەیە.
بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، “لەناو ئەو سەنتەری ڕاوێژکارییانە، کۆمەڵێک ڕاوێژکاری دەروونی و کەسانی یاسایی دامەزراون لە هەردوو ڕەگەز، توانیویانە کار لەگەڵ کەیسی ئەو خێزانانە بکەن کە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە و هەوڵێکی ڕژد بدرێت بۆ ئەوەی ئەو توندوتیژییەی کراوە، ئەگەر پێویست بە دادگا نەکات، بتوانرێت لە سەنتەرەکان چارە بکرێت، ئەگەر پێویستی بە دادگاکانیش هەبوو، دواتر هەوڵێکی ڕژد بدرێت ئاشتەوایی لەنێوان ئەو خێزانانە بکرێت، پێش دادگایی و دوای دادگاییەکەش”.
هەروەها ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، “لەناو ئەو سەنتەرانە لێژنەیەکی ئاشتەواییمان هەیە، لە کۆمەڵێک کەسی خۆبەخش وەک؛ مامۆستایانی ئایینی، مامۆستایانی زانکۆ و توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونی پێکهاتوون، بەهەموو ئەو شێوازانە توانیمان ڕێژەی توندوتیژییەکان لە هەولێر و دەورووبەری 5.7% کەم بکەینەوە ئەو کارەش ئەنجامێکی باشی هەبووە”.
عەقید سەفین، بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد: “توانیومانە لەگەڵ زۆربەی زانکۆکان، پەیمانگاکان و ناوەندەکانی خوێندن، یاداشتی لێکتێگەیشتن ئیمزا بکەین بۆ ئەوەی وەکوو بەڕێوەبەرایەتی و ئەو ستافەی لە بەڕێوەبەرایەتی کار دەکات، بتوانێت بگاتە زۆربەی زۆری قوتابییان و هۆشیاریان بکەینەوە لەسەر جۆری ئەو توندوتیژییانەی کە دەکرێت”.
ژێدەر
Ktv