شەپۆڵێکی گەرمای تاقەت پڕوکێن هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و داوا لە هاوڵاتیان دەکرێت لە ماڵ نەچنە دەرەوە.
هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: “لە رۆژی دووشەممە 17/6/2024ەوە کە دەکاته دووەم رۆژی جەژنی قوربان کاریگەری ئەو شەپۆلە گەرمایەی کە ڕووی کردۆتە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر دەبێت پلەکانی گەرما 1 – 2 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە و ڕۆژانی دواتر کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت و گەرماکەی بەتین و پڕوکێنەر دەبێت.”
ئاماژەشی بەوە داوە: “شەپۆلی گەرماکە کاریگەری ڕاستەوخۆی تیشکی سەرووی وەنەوشەیی لەسەرجەم ناوچەکان لە کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ کاتی عەسر زۆر دەبێت، تکایە لەو کاتانە لە ماڵ بمێننەوە و لە ماڵ مەچنە دەرەوە گەشتی ئەم شار و ئەو شار مەکەن بۆ ئەوەی بەدووربن لە کاریگەریی و مەترسی ئەو تیشکە مەترسیدارە بەتایبەت ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان، پارێزگای کەرکووک و ناوچەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان گەرماکەی لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بۆ کۆتایی ئەم هەفتەیە ئێجگار پڕوکێنەر دەبێت.”
هەروەها راشی گەیاندووە کە ئەم شەپۆلی گەرمایە درێژخایەنە پێشبینی دەکرێ تاوەکوو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.