بەرگریی شارستانیی هۆکاری ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە ئاشكرا دەکات و ڕایدەگەیێنێت، پۆلیسی هەولێر چەند کەسێکی بەهۆی سووتاندنی پووش و پەڵاش دەستگیر کردوە.
مقەدەم شاخەوان، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمشەو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “بەداخەوە چەند ڕۆژێکە چەندین ئاگری نەخوازراو لەناو هەولێر و دەوروبەری دەکەونەوە، هەندێکیان بەدەستی ئەنقەستن و هەندێکیشیان بەهۆی کەمتەرخەمی دەکەونەوە، ئەمڕۆش لە چیای سەفین چەند گەشتیارێک ئاگریان کردەوە و کارەساتی لێکەوتەوە”.
مقەدەم شاخەوان هۆشداری دا لەوەی هەندێک کەس لە بری تیمەکانی شارەوانی هەڵدەستن بە سووتاندنی پووش و پاشماوە و خاشاک، ئەمانەش هەمووی کاری خراپن، پێچەوانەی ڕێنماییەکانن و پێویستە هاونیشتمانیان خۆیان لەم کارانە بەدووربگرن.
لەمبارەیەوە، نەقیب کارزان ساڵح، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند: هەر کەسێک پووش و پەڵاش بسووتێنێت، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و سەرجەم ئەو کەسانەی ئەمڕۆ پوش و پەڵاشیان سووتاند دەستگیرکراون.
ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، ماوەی ساڵێکە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە شاری هەولێر زۆر زیادیان کردووە و هەر ڕۆژە و شوێنێک دەسووتێت، لە بازاڕە گەورەکانەوە تاوەکو پاڵاوگە و پڕۆژەی نیشتەجێبوون و پووش و پەڵاش، دوایین ڕووداویش ئاگرکەوتنەوەی ئەمڕۆی چیای سەفین بوو کە ماوەی پێنج کاتژمێری خایان.