
”پێشتر حکوومەتی عێراق 110 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیاران وەردەگرت، ئەمساڵ بە پێداگریی حکوومەتی هەرێم 228 هەزار تۆن گەنم وەردەگیرێت”
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر، لە دیمانەیەكی دا، پرسی بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران و پشتگیریكردنی كەرتی كشتوكاڵ لە لایەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوون دەكاتەوە و دەڵێت: “ئەو سیاسەتە حەکیمانەی، کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی کردووە، بۆ پشتگیریکردنی کەرتی کشتوکاڵی، سەرکەوتوو بووە، بەرهەمی جووتیارانیش پێداویستیی ناوخۆ پڕدەکاتەوە.”
سەرەتا ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ، رایگەیاند: “لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا کێشەی ساغنەبوونەوەی بەرهەمی جووتیاران چارەسەر كرا و ئێستا جووتیاران بە گەشبینییەوە دەڕواننە بەرهەمەکانی خۆیان و دەزانن بەرهەمەکانیان دەرفەتی بەبازاڕکردنی مسۆگەری هەیە.”
گوتیشی: “پێشتر حکوومەتی عێراق نزیکەی 110 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیاران وەردەگرت، بەڵام ئەم ساڵ بە پێداگیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 228 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەولێر وەردەگیرێت.”
روونیشی كردەوە،: “تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیكی 17 هەزار جووتیار ناویان تۆمار کراوە، بۆ ئەوەی بەرهەمەکانی خۆیان بەپێی ئەو ڕێژەیەی بۆیان دەستنیشان کراوە، لە سایلۆکان بەبازاڕ بکەن، ئەوەش بەراورد بە ساڵانی پێشووتر زۆر زیادی كردووە.”
هێمن سەید موراد ئاماژەی بەوەش دا: “پێشتر ئێمە لە هەولێر تەنیا یەک سایلۆمان هەبوو، کە نەدەتوانرا ڕێژەیەکی زۆر لە گەنمی جووتیاران وەربگرێت، بەڵام لە كابینەی نۆیەم سایلۆی قوشتەپە دروست كرا و كرایەوەوە، کە توانای کۆگاکردنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە و سایلۆکەش بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی دروست کراوە.”
جەخت لەوەش دەکاتەوە: “ئەو سیاسەتە حەکیمانەیەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی کردووە، بۆ پشتگیریکردنی کەرتی کشتوکاڵی، بەتەواوی سەرکەوتوو بووە، بەرهەمی جووتیارانیش پێداویستیی ناوخۆ پڕدەکاتەوە.”
بهڕێوهبهری گشتیی كشتوكاڵی ههولێر دەشڵێت: “ئێستا خەڵكێکی زۆر وابەستەی زەوییەکانی خۆیان بوونە، پێشتر زەویی کشتوکاڵی ئەوەندە گرنگیی پێنەدەدرا، بەڵام لەم کابیەنەیەدا پشتگیرییەکی زۆر لە پڕۆژەی وەبەرهێنانی پیشەسازی و کشتوکاڵی دەکرێت، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ.”
هێمن سەید موراد باسی لەوەش كرد، كە لەم كابینەیەدا وێرای دروستكردنی چەند سایلۆیەك، بەنداو و پۆندی نوێش دروست كراون، گوتیشی: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پۆند و بەنداوی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دروست کردووە، كە دوایینیان بەنداوی چەمرگە بوو لە هەولێر، کە سەرچاوەیەکی مسۆگەری ئاوە بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان و سامانی ئاژەڵییش تێیدا پەرە دەسێنێت، بۆ کەرتی کەشتوگوزارییش سوودی هەیە.”
جەختیشی كردەوە: “بەرهەمە ناوخۆییەکان ڕۆژبەڕۆژ لە زیادبووندان، ئەوەش بەهۆی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم، کە پشتگیرییەکی تەواوی کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەم كابینەیەدا كەرتی كشتوكاڵ بووژاوەتەوە، برا جووتیارەکان بەرهەمەکانیان دەفرۆشرێت، هەروەها چەند کارگەیەکی پیشەسازی دروست كراون، کارگەی ئاوی تەماتەی هەریریش وەگەڕ خراوەتەوە و چەندین کارگەی وەبەرهێنانی پیشەسازیی کشتوکاڵیش هەن.”
ژێدەر
باسنیوس



