
عەتا سەراوی، سەركردەی پێشووی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، لە فڕۆكەخانەی سلێمانی لەلایەن هێزێكی ئاسایشی یەكێتییەوە دەستگیر كرا و پەیامێكی توند ئاراستەی بافڵ و قوباد تاڵەبانی دەكات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 5/7/2024، عەتا سەراوی، دوای گەڕانەوەی لە سوێدەوە، لە فڕۆكەخانەی سلێمانی لەلایەن هێزێكی ئاسایشی یەكێتییەوە دەستگیر كرا، دوای دەستگیركردنیشی، ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و دەڵێت: “دوای گەیشتنم بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی، هێزێكی زۆری سوات هاتن و داوایان لێ كردم كە فەرمانیان پێ كراوە لەگەڵیان تا ئاسایش بچم، خۆم بێ ئەوەی بزانم بۆ و بێ ئەوەی بزانم چ سیناریۆ و گەمەیەکی قێزەونیان بۆ ئامادە کردووم، لەئاسایشی گشتی ڕاگیرام.”
عەتا سەراوی داوای ڕوونكردنەوە لە بافڵ و قوباد تاڵەبانی دەكات و دەڵێت: “داوا لە بافڵ و قوباد تاڵەبانی دەكەم، من ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر تۆمەتێکی داتاشراو دەبمەوە کە بۆم حازر کراوە و بۆم دادەتاشن، تکایە ئەوە ئێمە و ئەوەش ئێوە و ئەو ئەڵقەلەگوێیانەی لە پشتی ئێوە پەلاماری ئێمە دەدەن، تكایە ئەمە ڕانەگرن، کێ لەپشت ئەم بێڕێزییە بێ، بێ باج نابێ لێی دەربچێت، دەشمەوێ بزانم ئەگەر بڕیارێکی سیاسیتان لە پشت ئەم شانۆگەرییەتانە، دڵنیا بن پلاندانەر خۆی دەسووتێنێت.”