گوتەبێژی حکومەتی هەرێم: “بەرنامەی سەرۆکوەزیران ئەوەیە گەنجان خۆیان لەم وڵاتەدا ببیننەوە و بەشێک بن لە بونیادنانی داهاتووی هەرێمی کوردستان”.
شەممە، 13-07-2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی دەرچوونی چوار هەزار و 200 گەنج لە خولی یەکەمی ڕاهێنانی گەنجانی هەرێمی کوردستان و تاراوگە، گوتی: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کردار لەگەڵ گەنجانە و پاڵپشتیی کار و پرۆژەکانیان دەکات. جەختیشی کردەوە “گەنج بەشێکی سەرەکییە لەنێو ئەجێندای کارەکانی کابینەی نۆیەم بۆ بونیادنانی ئاییندەی هەرێمی کوردستان”.
وەکو ئەوەی گوتەبێژی حکوومەت باسی کرد، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە پێویستی دەزانێت ڕۆڵ بە گەنج بدرێت و لەنێو داهاتووی هەرێمی کوردستان پێگەی هەبێت. گوتیشی، “کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵگەیەکی گەنجە، بۆیە بەرنامەی سەرۆکوەزیران ئەوەیە گەنجان خۆیان لەم وڵاتەدا ببیننەوە و بەشێک بن لە بونیادنانی داهاتووی هەرێمی کوردستان”.
هەورامانی دووپاتی کردەوە، “هەوڵێکی سیاسیی ناوخۆیی و دەرەکی هەیە و پارەیەکی زۆر بۆ ژمارەیەک دەزگای مێدیایی خەرج دەکرێت تاوەکوو لە ڕێگەی مێدیاوە گەنجانی هەرێمی کوردستان بێهیوا بکرێن و ئومێدیان بەم وڵاتە نەمێنێت؛ دەیانەوێت لە ڕێگەی بێهیواکردنی گەنجان، کۆمەڵگەی کوردستان بڕوخێنن، بەڵام ئێمە ڕێگریی لەم هەوڵانە دەکەین”.
گوتەبێژی حکوومەت ئەوەشی خستە ڕوو، “کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی چەندین پرۆژەوە، زیاتر لە 100 هەزار هەلی کاری بۆ گەنجان ڕەخساندووە و بەرنامەی هەیە لە داهاتووشدا بە هەمان شێوە هەلی کاری زیاتریان بۆ برەخسێنێت”.
هەورامانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، “سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێی وایە کە دەبێت گەنج چاوی لە تواناکانی بێت؛ پێویستە کەشێک برەخسێنین هەلی کار هێندە زۆر بێت، گەنج بیر لەوە بکاتەوە لە کەرتی تایبەتدا چالاک بێت”.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە، 13-07-2024، بە چاودێریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی کونسوڵی وڵاتان و بەرپرسانی حکوومەتیی لە هەرێمی کوردستان و قەتەر و سپۆنسەریی مێدیایی کوردستان24؛ رێوڕەسمی دەرچوونی چوار هەزار و 200 گەنج لە “خولی یەکەمی ڕاهێنانی گەنجان” بەڕێوە چوو.