پۆلیسی هەولێر، کەسێک بەتۆمەتی دانانی گرووپ بە ناوی گۆڤەند CTS و هەڕەشەکردن لە کچان دەستگیر دەکات.
پۆلیسی پارێزگای هەولێر لەڕاگەیەنراوێکدا دەلێت: دوای پشکنینی مۆبایلی تۆمەتبارێک بۆیان دەرکەوتووە کە چەندین پەیجی لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان دروست کردووە بەناوی گرووپی گۆڤەند (CTS) بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی بەدڕەوشتی.
دەقی ڕاگەیەنراوەکەی پۆلیسی هەولێر:
دوای ئەوەی هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە لایەن ئافرەتێکەوە ئاگادار کرایەوە کە کەسێک بەناوی (لوقمان مەولان ئیسماعیل) هەڕەشەی لێكردووە ، پاش ئاگادارکردنەوەی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر، لەگەڵ ڕەوانەکردنی بەڵگەکان بۆ بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری دا بە دەستگیرکردنی تۆمەتبار بەپێی ماددەی (2) ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، لە ڕێکەوتی (١٤-١-٢٠٢٤) تۆمەتباری ناوبراو دەستگیر کرا.
دوای لێکۆڵینەوە و پشکنینی مۆبایلەکەی، بۆمان دەرکەوت کە تۆمەتبار (لوقمان) هەڕەشەی لە دادخواز و ئامۆزایەکی دادخواز بە ناوی ( ھ. ف س)، (د. گ .س) کردووە، بە هۆی ئەوەی کە ڤیدیۆی نەشیاوی ڕووتی هەردووكیانی لایە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوی دەكاتەوە، پاش لێكۆڵینەوەی چڕتر لەم بابەتە ، بۆمان دەرکەوت لە ناو مۆبایلەکەی چەندین وێنە و گرتە ڤیدیۆیی نەشیاوی وەك ( سیحر و جادوو و وێنەی ماددەی هۆشبەر و تۆماری دەنگی و هەڕەشەکردن دژی ئافرەتان)ی تێدایە، وە تۆمەتبار چەندین پەیجی لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان دروست کردووە بە ناوی گروپی گۆڤەند (CTS) بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی وێنەی بەدڕەوشتی، وە بەکارهێنانی ناوی ئەم گروپە وەك هەڕەشەكردنێك بووە لەسەر ئافرەتان و بە تایبەتی كچان، بۆ وەرگرتنی بڕە پارەیكی زۆر بەرامبەر بەوەی كە وێنە و ڤیدیۆكانیان بڵاو نەكرێتەوە .
لێرەوە داوا لە هاوڵاتیان دەكەین لە كاتی ڕووبەڕو بوونەوەی هەر هەڕەشەیك لەگەڵ كەسانی هاوشێوە ، تكایە بە زووترین كات پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتیەكەمانەوە بكەن بۆ ئەوەی تیمەكانمان رێکاری یاسایی
وەر گرن.