کوردستانگرنگ

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی باجەکان ڕوونکردنەوە لەسەر لێخۆشبوونی باجەکان دەدات

بەڕێوەبەریی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میریی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد: کە تەنیا لە وەرگرتنی ئەم جۆرە باجانەی لە خوارەوە ئاماژەی پێدراوە بەرپرسیارە و وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک بەناوی باج لە هاووڵاتییان جیا لەوانە لێی بەرپرسیار نین:

باجی کۆمپانیاکان: ئەم باجە لە قازانجی ئەو کۆمپانیایانە وەردەگیرێت کە لە ئەنجامی چالاکییان لە هەرێمی کوردستان بەدەستیان هێناوە بە ڕێژەی (15%) بەپێی یاسای باجی دەرامەت ژمارە (113) ساڵی 1982 هەموار کراو.

1- زانیاری و ڕاپۆرتی کۆمپانیاکان بنەمای هەژمارکردنی باجی کۆمپانیاکانە بۆیە هیچ باجێک ناکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیا ئەگەر قازانجی نەکردبێت.

2- کۆمپانیاکان لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ ماوەی (10) ساڵ لە باج دەبەخشرێن لە رێکەوتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری.

باجی دەرامەت: کەسانی ئاسایی لە قازانجی ساڵانەی پیشەکانیان بەپێی یاسای باجی دەرامەت ژمارە (113) ساڵی 1982 هەموارکراو بە ڕێژەی هەڵکشاو کە بریتین لە رێژەی (3%، 5%، 10%، 15%) باج دەدەن دوای داشکاندنی سەرجەم لێخۆشبوونە یاساییەکان، سەرەراى ئەوەى ئەو پیشەوەرانەى یەک سەرچاوەى داهاتى سنوورداریان هەیە هیچ جۆرە باجێک نادەن وەک (سەرتاشخانە، نانەواخانە، شوێنى چاکردنەوەى مۆبایل، شوێنى فرۆشتنى پەلەوەر، هتد)، بۆ نموونە هەژماری باجی نانەوایەک کەخێزاندار بێت بەڵام هیچ منداڵی نەبێت لە ساڵێک بەم جۆرەی خوارەوە دەکرێت:

6000000 – %50= 3000000 (داهاتی ساڵانە)

3000000- 5900000 (لێخۆشبوونی یاسایی)= 0 (کەواتە هیچ باج نادات چونکە هیچ داهاتێکی بۆ نامێنێتەوە)

نەخۆشخانە تایبەتەکان لە دوای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری (3) ساڵ دەبەخشرێن ئەگەر خاوەنی مۆڵەتی وەبەرهێنانیش بن بۆ ماوەی (10) ساڵ دەبەخشرێن.

-سەرجەم پرۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ ماوەی (10) ساڵ دەبەخشرێن لە باج.

-باجدەرانی قەزا و ناحیەکان بە ڕێژەی (10% و %15) داشکاندنیان بۆ دەکرێت لە قازانجی ساڵانەیان.

-خاوەن پێداویستی تایبەت بە رێژەی (%15) داشکاندنیان بۆ دەکرێت لە قازانجی ساڵانەیان.

-بێوەژن یان بێوەپیاو یا تەڵاقدراو یان سەڵت (ارمل/ ارملە، مطلق/مطلقە ، اعزب/ باکرە)بە رێژەى(10%) داشکانیان بۆ دەکرێت لە قازانجی ساڵانەیان.

-ئەو کارگانەی بە یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی مۆڵەتیان وەرگرتووە بە رێژەی جیا جیا بۆ ماوەی (10) ساڵ لە باج دەبەخشرێن و بە رێژەی (%100) لە باجی هاوردەی مەوادی سەرەتایی بۆ کارگەکەی دەبەخشرێت.

باجی گواستنەوەی موڵکایەتی: خاوەنی موڵک لە کاتی فرۆشتنی موڵک بەپێی یاسای ژمارە (26 ساڵی 2007) و یاسای ژمارە (20 ساڵی 2011)ی پەرلەمانی کوردستان باجی لێ وەردەگیرێت دوای داشکاندنی رێژەی (50%) لە نرخی خەملێندراوی موڵکەکە بە ڕێژەی (%1 بۆ 100 ملیۆنی یەکەم ) و (2% بۆ 100 ملیۆنی دووەم) و (3% بۆ 100 ملیۆنی سێیەم) و (5% بۆ ئەو بڕەی سەرووی 300 ملیۆنە) .

-هەموو خاوەن موڵکێکی نیشتەجێبوون مافی هەیە هەر پێنج ساڵ جارێک لەباجی فرۆشتنی موڵکەکەی داوای لێخۆشبوون بکات، لەیەک کاتدا ژن و مێرد و منداڵەکانیان دەتوانن لەم لێخۆشبوونە سوودمەند بن.

-رێژەی (%50) لە نرخی خەمڵێنراوی موڵک دەبەخشرێت و بڕی ماوە هەژماری باجی لەسەر دەکرێت.

-هەموو دایک و باوکێک و منداڵەکانیان دەتوانن موڵکەکانیان بە هیبە خاوەنداریاتیان بۆ  یەکتر بگوازنەوە بەبێ ئەوەی هیچ باجێک بدەن.

-هەموو خاوەن زەوییەکی نیشتەجێبوون تا 800 مەتر دووجا مافی هەیە هەر پێنج ساڵ جارێک داوای لێخۆشبوونی باجی فرۆشتنی مووڵکەکەی بکات.

باجی لێبڕینی ڕاستەوخۆ: ئەم باجە لە مووچە و کرێی کارمەندانی کەرتی گشتی و تایبەت وەردەگیرێت بەپێی یاسای ژمارە (20) ساڵی 2011 ی پەرلەمانی کوردستان، بە ڕێژەی (5%) لەو بڕەی لەسەرووی یەك ملیۆن دینارە.

-کارمەندان و فەرمانبەران لێخۆشبوونی پیشەکانیان بەجیا لە لێخۆشبوونی مووچەکانیان وەردەگرن کە بە هەردووکیان لە ساڵێکدا (14,500,000) چواردە ملیۆن و پێنج سەد هەزارە لەکاتێکدا باجدەران لە سنووری حکومەتی فیدراڵی عێراق یەکجار لێخۆشبوون وەردەگرن و بڕەکەشی (2,500,000) بۆ ساڵێک.

باجی فرۆشراوەکان: ئەم باجە پاڵپشت بە یاسای بوودجەی حکومەتی فیدراڵی لە سەرجەم هۆتێل و چێشتخانە و شوێنە گەشتیاریەکانی(4 ، 5) ئەستێرە وەردەگیرێت بە ڕێژەی (10%).

باجی خانووبەرە: ئەم باجە لە کۆی گشتی کرێی 12 مانگ بە ڕێژەی (9%) وەردەگیرێت لە خاوەن موڵک بە پێی یاسای باجی خانووبەرە ژمارە (162)ـی ساڵی 1959 هەموارکراو.

-هەموو خانوو و باڵەخانەیەک تا سێ نهۆم  بۆ ماوەی (3)  ساڵ لە باجی خانووبەرە دەبەخشرێت و بەڵام چوار نهۆم زیاتر بۆ ماوەی (7) ساڵ دەبەخشرێت.

-پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە ڕۆژی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ماوەی (10) ساڵ دەبەخشرێن.

باجی زەوی بەتاڵ: خاوەنی زەوی بەتاڵ ساڵانە لە کۆی نرخی خەمڵێندراوی زەوییەکەی ڕێژەی (2%) وەک باج لێی وەردەگیرێت بەپێی یاسای زەوی بەتاڵ ژمارە (26) ساڵی 1962ـی هەموارکراو.

هەموو خاوەن زەوییەک  تا ڕووبەری (600) مەتر دووجا مافی سوودمەندبوونی هەیە لە لێخۆشبوون لە باجی زەویەکەی.

تێبینی:

بەپێی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران/ سەرۆکایەتی دیوان ژمارە (3393 لە ڕێکەوتی 23/7/2024) ئەم باجانەی خوارەوە ڕاگیراون:

1- باجی فرۆشراوەکان کە بە ڕێژەی (10%) لەسەر  هۆتێل و چێشتخانەکانی خاوەن سێ ئەستێرە بەرەو سەر.

2- باجی نەخۆشخانە تایبەتەکان کە بە ڕێژەی (5%) لە کۆی تێچووی خزمەتگوزاری پێشکەشکراو.

3- باجی سەر سەمونخانە و نانەواخانەکان.

4- باجی زەوی بەتاڵ.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button