سەرۆککۆماری نوێی ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات
سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکدا لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە ڕایگەیاند، ئێران “داگیرکەرانی تیرۆریست” لە کارە ترسنۆکەکانیان پەشیمان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسعود پزیشکیان پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە: “ئەمڕۆ ئێرانی ئازیز، هاوەڵی هەمیشەیی و سەربەرزی رێبازی خۆڕاگری، سەرکردەی ئازای بەرخۆدانی فەلەستین، شەهیدی قودس، حاج ئیسماعیل هەنییە، ماتەمینی دەگێڕێت. دوێنێ دەستی سەرکەوتووی ئەوم بەرزکردەوە و ئەمڕۆ دەبێ لەسەر شانەکانم هەڵیگرم بۆ ناشتنی.”
مەسعود پزیشکیان دەڵێت، “شەهیدبوون هونەری پیاوانی خودایە. پەیوەندیی نێوان دوو گەلی سەربەرزی ئێران و فەلەستین لە جاران بەهێزتر دەبێت و رێگەی خۆڕاگری و بەرگری لە ستەملێکراوان لە هەموو کاتێک بەهێزتر پەیڕەو دەکرێت.”
دەشڵێت، “کۆماری ئیسلامیی ئێران داکۆکی لە یەکپارچەیی خاکی خۆی، شکۆ، شانازی و شەرەفی دەکات و داگیرکەرانی تیرۆریستیش لە کارە ترسنۆکەکانیان پەشیمان دەکاتەوە.”
سەرۆککۆماری نوێی ئێران بە بەشێکی ئایەتێکی قورئان کۆتایی بە پەیامەکەی هێناوەتەوە و نووسێویەتی: «إِنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ ذُو انْتِقَامٍ».