سوپای پاسداران ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە كوشتنی هەنییە ئاشكرا دەكات
سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، ئاشکرا دەکات و هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەش لە ئیسرائیل دەکات.
دوای ئەوەی ئیسماعیل هەنییە، لەبەرەبەیانی چوارشەممەی ڕابردوو 31-7-2024 لە شوێنی مانەوەی لە باکووری تاران کوژرا، ئێران ئیسرائیلی بەو کردەوەیە تۆمەتبار کرد و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل دەکات.
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند: ” پاش ئەو کردەوە تیرۆریستییەی ڕژێمی تاوانکاری زایۆنیستی ئەنجامیدا، کە بووە هۆی شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی موجاهیدەکان و مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامی (حەماس) و هاوەڵەکەی”.
1. ئەم کردەوەیە لەلایەن ڕژێمی زایۆنیستی و بە پشتیوانی حکومەتی تاوانکاری ئەمریکا داڕێژرا و جێبەجێ کرا.
2. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ئەم کردەوە تیرۆریستییە لە ڕێگەی هەڵدانی مووشەکێکی کورت مەودای حەوت کیلۆگرامی بووە، لەگەڵ تەقینەوەیەکی بەهێز، لە دەرەوەی ناوچەی نیشتەجێبوونی میوانەکانەوە ئەنجامدراوە.
سوپای پاسداران دەشڵێت “لە کۆتاییدا ڕشتنی خوێنی شەهید ئیسماعیل هەنییە، پشتڕاستکرایەوە، ڕژێمی زایۆنی لە کات و شوێن و شێوازی گونجاودا وەڵامی ئەم تاوانە کە “سزایەکی سەختە” وەردەگرێت”.