ئەمریکا توانا سەربازییەکانی پێشمەرگە دەگەیەنێتە ئاستێکی بەرزتر
ئەمرۆ سێشەممە، وەزیری پێشمەرگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رادەستکردنی ژمارەیەک چەکی قورسی لەلایەن سوپای ئەمریکاوە ڕاگەیاند.
شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەگەی کوردستان، کە لەلایەن حکوومەت و سوپای ئەمەریکاوە وەک بەردەوامی لە هاوکاریی و پشتیوانییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە، بەردەوامن لە هاوکاریی و پشتیوانی.
هەروەها وتیشی: ئەمڕۆش کۆمەڵێک چەک، کە پێکهاتوون لە تۆپی قورس، ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت، کە بە دڵنیاییەوە توانا سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و پێشمەرگەی کوردستان، دەگەیەنێتە ئاستێکی بەرزتر، هیوادارین لەم جۆرە چەک و هاوکارییانە بەردەوام بێت، بەتایبەتی لەم قۆناغەی ئێستە کە شەڕی تەکنەلۆجیایی سەربازییە.
ئاماژەی بەوەشکرد: هێزی پێشمەرگەی کوردستان چاوی لەوەیە ببێتە خاوەنی ئەو چەکە بە تەکنەلۆجیا پێشکەوتووانە، ئەویش بە پشتیوانی و هاوکاریی بەردەوامی هاوپەیمانان، لەسەرو هەمووشیانەوە ئەمەریکا.