رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

بەهۆی پەکەکەوە بەرهەمی هەنگوینی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە

شەڕی توركیا و پەكەكە و ساردی کوێستانەکان، بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵ بە ڕێژەی 90% كەم دەكاتەوە.

عارف شێروانی، سەرۆكی تۆڕی هەنگەوانانی كوردستان، ئاماژەی بەوە كرد، كە ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوین زۆر كەمە، ئەویش بەهۆی چەندین هۆكارەوە، ”یەكێك لەوانە ئەوەیە كە ئەمساڵ دەڤەری برادۆست بەهۆی هەنگەكانی خۆیانەوە، نەیانهێشت هەنگی پارێزگاكانی دیكە بچێتە كوێستانەكانیان، تەنیا هەنگی هەنگەوانەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نەبێت.“

ڕوونیشی كردەوە كە یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵ ئەوە بووە كە كوێستانەكان زۆر سارد بوونە و دەڵێت: ”ئێستاش كوێستانەكان ساردن كە ئێمە لە كوێستانەكان دەژین. ساڵانی رابردوو لەم كاتانەدا پانكەمان پێ دەكرد، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا پانكەمان پێ نەكردووە.“

سەرۆكی تۆڕی هەنگەوانانی كوردستان هۆكارێكی سەرەكیی كەمبوونەوەی بەرهەمی هەنگوینی ئاشكرا كرد و گوتی: ”شەڕی توركیا و پەكەكە كاریگەریی زۆری هەیە، ئەو شوێنانەی شاخاوین، بە تایبەت لە سنووری پارێزگای دهۆك، كەوتووەتە نێو شەڕی توركیا و پەكەكە و ناوچەكە شەڕی تێدایە، بۆیە هەنگەوانانیش ناتوانن هەنگەكانیان بۆ ئەو شوێنانە بگوازنەوە، چونكە یان پەكەكەی لێیە، یانیش توركیا تۆپبارانی دەكات، ئەوەش كاریگەریی زۆری لەسەر بەرهەم هەیە.“

عارف شێروانی كە خۆیشی هەنگەوانە، لەو بڕوایەدایە كە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵ بە ڕێژەی 90% كەم بكات، بەتایبەتیش كە دەوروبەری 10 ڕۆژ ماوە بۆ بڕینەوەی بەرهەمەكە، ”ئەوەی بەرهەمیش هاتووە، هی دەشتەكانە، ئەگەرنا بەرهەمی كوێستانەكان زۆر كەمە.“

ئەمە لە كاتێكدایە كە شەڕی پەكەكە و توركیا جگە لە بەرهەمی هەنگوین، كاریگەریی نەرێنییان لەسەر زۆربەی هەرەزۆری لایەنەكانی ژیان لەو شوێنانە هەبووە كە شەڕی خۆیان بۆ گواستووەتەوە، جگە لەوەی ژینگەی ناوچەكەشیان وێران كردووە و دارستانە سروشتییەكانیش بەهۆی ئەم شەڕانەوە سووتاون و كەسیش ناتوانێت بۆ مەبەستی گەشتیاری روو لەو ناوچانە بكات.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button