ڕاپۆرتکوردستانگرنگ

ڕادەی پیسی هەوای هەولێر لەو ئاستە مەترسییە نییە کە باس دەکرێت

توێژینەوەکان: %65ـی گەڕەکەکانی هەولێر کوالێتی هەوایان باشە و ڕێژەی 35%ـی گەڕەکەکانی دیکەش کوالێتیان ئاستی مامناوەند.

پێنج توێژەر بۆ ماوەی 10 ڕۆژ لە سێ کاتی جیاواز ڕادەی پیسی هەوای هەولێریان پێوانە کردووە، بەچەند دەرئەنجامێک گەیشتوون، یەکێک لەو توێژەرانە دەڵێت: ڕادەی پیسی هەوای هەولێر لەو ئاستە مەترسییە زۆرە نییە کە باس دەکرێت.

لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، بەرزبوونەوەی ڕێژەی پیسبوونی هەوای هەولێر پارێزگاری هەولێری گەیاندە ئەو بڕیارەی 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر دابخرێت.

د. هێدی جەمال، مامۆستا لە زانکۆی توێنتا لە وڵاتی هۆڵەندا دەڵێت: بۆ بەدواداچوونی کوالێتیی هەوای هەولێر 150 شوێنمان دەستنیشان کرد، بۆ ماوەی 10 ڕۆژ لە کاتژمێر 9ی بەیانی تا 6ی ئێوارە لە سێ کاتی جیاوازی ڕۆژ دووبارەمان کردەوە، ئەوەی هەیە داتای شەوی تێدانییە.

ئەو توێژەرە دەڵێت: ئەو دەنکۆڵە ڕەقانەی لە هەوا هەن دوو جۆرن یان تیرەکەیان 2.5 کەمترە یان 10 مایکرۆمیتەر کەمترە، هەردوو جۆری خراپن و ڕێژەی کەم و زیادیان لەناوچەکان بەپێی چالاکیی مرۆڤ و ئۆتۆمبێل و کارگەکان دەگۆڕێن، لە توێژینەوەکە ئامێری (PMD351 Temtop Aerosol mass monitor) بەکارهاتووە، دەرکەتووە هەوای هەولێر لەنێوان (باش و مامناوەندە)، لەگەڵ بوونی چەند گەڕەکێک کە دەکەونە ناو زۆنی خراپ یاخود ناتەندروست، بۆ ئەوانەی کێشەی تەندروستییان هەیە.

توێژەران ناوی چەند گەڕەکێک دەخەنەڕوو کە کوالێتیی هەوایان (مامناوەندە) بۆ ئەوانەی نەخۆشیی هەستیاریان هەیە گونجاو نییە وەک گەڕەکەکانی (پیشەسازیی باشوور، قەتەوی، مامزاوە، ڕاستی، ڕۆشنبیری، فەرمانبەران، کارێزان، شارەوانی، حەسارۆک، منارە، گوڵان، بێتواتەی نوێ، سەفین، پیشەسازیی باکوور، گوندی ئیتاڵی دوو، بەحرکە، گوندی پیرداود و تۆپزاوە).

 توێژەران بەو ئەنجامە گەیشتوون ئەو گەڕەکانەی کەوتوونەتە تەنیشت پارکی گەورەی هەولێر لە زۆنی سەوزن و کوالێتیی هەوایان باشە، هاوکات 65%ـی گەڕەکەکانی هەولێر کەوتوونەتە ناو زۆنی سەوز واتا باش، ڕێژەی 35%ـی گەڕەکەکان کەوتوونەتە ئاستی مامناوەند، بەڵام ئەو گەڕەکانەی نزیکن لە پاڵاوگەکان و ناوچەی پیشەسازیی باشوور و باکوور کاریگەریی خراپیان لەسەرە.

85%ـی گەڕەکەکانی هەولێر لەڕووی ئاستی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن کەوتوونەتە ناو زۆنی گونجاو، تەنیا گەڕەکەکانی سەنتەری شار و ئازادی و شۆڕش و بەختیاری و سەڵاحەدین و کوێستان نەبێت لە زۆنی مامناوەندن.

ژێدەر

ئاڤا

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button