د. عەلی تەمیمی: ئەوەی لەم رێككەوتنەی لەگەڵ یەكێتیدا بەدەستهێنراوە لە كەركووك لە 2003ـەوە وێنەی نەبووە بۆ عەرەب
دكتۆر محەمەد عەلی تەمیمی كە سەركردەیەكی عەرەبی سونەیە لەبارەی رێككەوتنی بەشێكی عەرەبەكان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كەركووك بۆ دامركاندنەوەی شەقامی عەرەبیی و خۆپێشاندانی دوێنێی عەرەبەكان لە كەركووك دڵنیایی دەدا كە ئەو دەستكەوتەی عەرەب لە ئەنجامی رێككەوتنی نێوانیان لەگەڵ یەكـێتی بەدەستی هێناوە لە كەركووك لە ساڵی 2003ەوە بەدەستنەهێنراوە و ئاماژەیشی كردووە كە پۆستی پارێزگار تەنیا ساڵێك و چوار مانگی تر لای یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەمێنێتەوە و دواتر دوو ساڵی پاشتر بۆ عەرەبە.
دكتۆر عەلی تەمیمی وەزیری پلاندانانی عێراق و هاوكات جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقە، لە حكوومەتەكەی نووری مالكیدا وەزیری پەروەردەی عێراقی بووە و بەر لەوەیش ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە بۆ دوو خوولی یەك لەدوای یەكدا.
لە بەشێكی تری ئەو كۆمێنتانەی كە وەڵامی ناڕەزایەتیی عەرەبەكانی پێداوەتەوە، ئەم سیاسییە سونە عێراقییە بۆ هەوادارانی نووسیوویەتی، هاوڕێ و لایەنگرانم لە كەركووك متمانەتان پێم هەبێت، رێككەوتنەكە ” مەبەست لێی یەكێتی و بەشێك لە عەرەب و بزاوی بابلیوونە” زۆر بە ئینسافەوە كراوە، ئەوانەی ناڕەزایەتییان دەربڕی بەهیوای ئەوەبوون چارەگێكی ئەم دەستكەوتانە بەدەستبهێنن كە ئێستە لە ئەنجامی ئەو رێككەوتنە بەدەستهێنراوە.
لەبارەی ئەو پۆستانەیشی كە یەكێتی بەرانبەر پۆستی پارێزگار رێككەوتنی لەبارە كردووە بۆ عەرەب بێت، ئەم سیاسییە سوونە بۆ لایەنگرانی روونی كردووەتەوە، هەندێك هەوڵیان دا لە پێشبڕكێیەكی بێنرخ و هەرزاندا رێككەوتن بكەن و ئەو هەلانەیشیان رەت كردەوە كە پێشكەشیان كرابوو چونكە متمانەیان پێی نەبوو.
جێگەی ئاماژەیە، شەوی 10ی ئاب لە كۆبوونەوەیەك لە بەغدا بە رێككەوتنێكی نهێنیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ژمارەیەك ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، دانیشتنێكی ئەنجوومەنەكە ساز كرا، واتە بێ بەشداریكردنی تەواوی فراكسیۆنە عەرەبییەكان و بەرەی توركمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، دوور لە سازانی نیشتمانی؛ پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دیاری كران و لەبەرانبەریشدا رۆژانی دواتر لەلایەن توركمان و بەشێكی عەرەبەكان لە كەركووك خۆپێشاندان كرا.
ژێدەر
وشە