کوردستانگرنگ

مەسرور بارزانی: کاردەکەین بۆ ئەوەی کێشەی ئاو و کارەبا لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت

ئەمڕۆ سێشەممە 9/17، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپەی لە پارێزگای هەولێر دانا.
سەرۆکی حکومەت لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە دەڤەری قوشتەپە و خەڵكی نیشتمانپەروەری ئەم ناوچەیە، شایستەی هەموو خزمەتێكن. 
کە دووپاتیشی کردەوە كە دەڤەرەكە زەمینەی لەباری بۆ پێشكەوتن لە ڕووی كشتوكاڵی و پیشەسازی و سامانی ئاو هەیە، بۆیەشە یەكێك لەو شوێنانەیە كە پلان و بەرنامەكانی داهاتوومان دەیگرێتەوە و پەنا بە خوا دەبێتە یەكێك لە دەڤەرە پێشكەوتووەكانی كوردستان. هەروەها گوتی : هەنگاو بە هەنگاو وا دەكەین لە كوردستان چیتر كێشەیەك بە ناوی كێشەی ئاو و كێشەی كارەبای نەمێنێت،

ئەمەش دەقی گوتارەکەیە؛
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز

زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بەردی بناخەی ئەو پڕۆژە گرنگە لێرە لە قوشتەپە دادەنێین. پێش چەند ڕۆژ بەردی بناخەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێرمان دانا، ئەم پرۆژەی ئەمڕۆش تەواوكەری ئەو پرۆژەیەیە كە ئاوی پاك بۆ دانیشتووانی قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری دابین دەكات. بەم جۆرە لانیكەم بۆ 20 ساڵی داهاتوو كێشەی كەمئاوی لەم دەڤەرە چارەسەر دەبێت.
كێشەی كەمئاوی تا ئەو ئاستە لە دەڤەری قوشتەپە سەخت ببوو كە مەترسیی چۆڵكردنی هەندێك گوند هەبوو، زۆربەی بیرەكانی ئەم دەڤەرەش كە لە قووڵترین بیرەكانی كوردستانن، وشك بوون كە ئەمەش ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی.

بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە و گەشتنی ئاو بۆ سەرانسەری دەڤەرەكە، زۆربەی ئەو بیرانە، چیتر پێویستییان پێ نامێنێت و بە دروستكردنی چەندەها پۆندی دیكەش لەم دەڤەرەدا، ئاوی ژێرزەوی دەبووژێنینەوە و مەترسیی وشك ساڵی كەمتر دەبێتەوە.
دەڤەری قوشتەپە و خەڵكی نیشتمانپەروەری ئەو ناوچەیە، شایستەی هەموو خزمەتێكن. ئەم دەڤەرە بە ڕێز و میهرەبانی و دڵسۆزییەكی زۆرەوە، ژن و منداڵ و خانەوادەی زۆرێك لەو بارزانییانەیان لە خۆ گرت كە لە لایەن رژێمی پێشووی عێراقدا ئەنفال كران. ئەم هەڵوێستە نیشتمانپەروەرانەی خەڵكی قوشتەپە و هەولێر و دەوروبەری، هەمیشە جێگەی ڕێز و پێزانینە. 
ئەم دەڤەرە زەمینەیەكی لەباری هەیە بۆ پێشكەوتن لە رووی كشتوكاڵی و پیشەسازی و سامانی ئاو، بۆیەشە یەكێك لەو شوێنانەیە كە پلان و بەرنامەكانی داهاتوومان دەیگرێتەوە و پەنا بە خوا دەبێتە یەكێك لە دەڤەرە پێشكەوتووەكانی كوردستان. 
پێویستە هەرچی زووتریشە، پارێزگای هەولێر و قەزای قوشتەپە و لایەنە پەیوەندیدارەكانمان، رێكاری ئیداریی باشتر بگرنە بەر بۆ ڕێكخستنەوەی ئەم دەڤەرە لە هەموو ڕووێكەوە، بۆ ئەوەی خزمەتێكی باشتری خەڵكی دەڤەرەكە بكرێت و ئاستی ئەو دەڤەرە لە ڕووی هاتوچۆ و پاكوخاوێنی و سیمای شار و ڕێگەوبانەكان، باشتر ببێت. 
خۆشتان بینیتان كە كێشەی كارەباش هێشتا كێشەیەكی بەردەوامی هەموو كوردستانە، ئەوەش لە بەرنامەماندایە كە پشت بە خوا چارەسەرێكی گونجاو بۆ كارەبای هەولێر و دەوروبەر و هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستانیش دەدۆزینەوە، هەنگاو بە هەنگاو وا دەكەین لە كوردستان چیتر كێشەیەك بە ناوی كێشەی ئاو و كێشەی كارەبای نەمێنێت، 
جارێكی دیكەش سوپاستان دەكەم، بە هیوای ناوچەیەكی گەشەسەندووتر و كوردستانێكی ئاوەدانتر.

زۆر زۆر بەخێر بێن.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button