پاسەوانی شاڵاو کۆسرەت ڕەسوول عەلی، سەرۆکی لیستی یەکێتی لە بازنەی هەولێر لە شەقامی کەرکووکی شاری هەولێر نزیک مزگەوتی ڕەشاد موفتی کە دەکەوێتە نزیک زانکۆی سەڵاحەددینەوە، تەقەی کردووە و بەهۆیەوە کەسێک بریندار بووە.
لەکاتی چوونی شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ بۆ پرسەیەک لە مزگەوتی ڕەشاد موفتی، لەلایەن خاوەن پرسەکەوە ڕێگری لێکراوە و دەمەقاڵێ لەنێوانیان دروست بووە و پاسەوانێکی سەرۆکی لیستی یەکێتی لە بازنەی هەولێر تەقە دەکات و کەسێک بریندار بووە.
موقەدەم ئەردەلان، گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر، گوتی: هێزێكی سەر بە شاڵاو كۆسرەت ڕەسوڵ کە جلی مەدەنییان لەبەردا بووە، لە نزیك مزگەوتی ڕەشاد موفتی تەقەیان كردووە.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەریەتی پۆلیسی هەولێر گوتی: ئەوەی باس دەکرێت ڕاستە و رووداوی تەقەکردن لە نزیک مزگەوتی ڕەشاد موفتی ڕووی داوە، کەسێک بریندار بووە و گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن.
سەرچاوەکە گوتیشی: تیمەکانی پۆلیس بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، تەماشای کامێراکانی چاودێری دەکەن تا بزانن ڕووداوەکە چۆن بووە و کێ هۆکار بووە، بۆ ئەوەی لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت.
ژێدەر
ئاڤا