کوردستانگرنگ

سکاڵای یاسایی له‌ سه‌ر شاڵاو كۆسره‌ت رەسول تۆمار دەکرێت‌

یەکێک لە خاوەنەکانی پرسەکەی ئەمرۆی مزگەوتی موفتی گوتی: “ئه‌و به‌یاننامه‌یەی یه‌كێتى درۆیه‌ و داواى یاساییمان له‌ سه‌ر شاڵاو كۆسره‌ت تۆمار كردووه‌ و ده‌بێت هه‌رچى زووه‌ بكه‌رانى ئه‌م كاره‌ بدرێنه‌ دادگا.”

قه‌هار سابیر عه‌لكه‌، فه‌رمانده‌ى پێشمه‌رگه‌ لەبارەی تەقەکردنەکەی ئەمڕۆی پاسەوانەکانی شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ لە پرسەیەک لە مزگەوتی ڕەشاد موفتیی شاری هەولێر، ڕوونکردنەوە دەدات.

قه‌هار سابیر عه‌لكه‌، فه‌رمانده‌ى پێشمه‌رگه‌ ڕایگه‌یاند: “دواى ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ئه‌مڕۆ پرسه‌یه‌كه‌مان هه‌بوو، شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سووڵ هاته‌ پرسه‌كه‌مان و دواى ئه‌وه‌ى پاسه‌وانه‌كانى شاڵاو له‌ ده‌ره‌وه‌ ته‌قه‌یان كرد و پرسەکەیان تێكدا، دواتر ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كیان بڵاو کردووەتەوە گوایه‌ ئێمه‌ ته‌قه‌مان كردبێت! نه‌خێر ئێمه‌ هه‌ر چه‌كیشمان پێ نه‌بووه‌، به‌ڵكوو پاسه‌وانه‌كانى شاڵاو له‌ناو حەرەمی مزگه‌وت ته‌قه‌یان كرد، پاسەوانەکانی ئێمه‌ هه‌موو له‌ ده‌ره‌وه‌ بوون‌.”

گوتیشى: “ئێمه‌ له‌ناو پرسه‌كه‌ به‌ شاڵاومان گوت بۆچى هاتووى بۆ پرسه‌ى ئێمه؟‌ له‌ وەڵامدا ئه‌و هه‌ندێك قسه‌ى نه‌شیاوى كرد و هه‌ڵسا رۆیشت و پرسەكه‌ى جێ هێشت، ئیتر له‌ ده‌ره‌وه‌ بووه‌ شه‌ڕ و ئه‌وان ده‌ستپێشخه‌رییان بۆ شه‌ڕ كرد، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئێمه‌ هیچ شتێكمان نه‌كردووه‌ ئه‌وانه‌ى ده‌یڵێن دووره‌ له‌ ڕاستىییەوە.”

ئه‌و فه‌رماندەیە‌ ده‌پرسێت: “من پێش دوو مانگ دایكم کۆچی دوایی كرد ئه‌ى بۆچى ئه‌و كاته‌ شاڵاو و یان یه‌كێتى نه‌هاتنه‌ پرسه‌كه‌؟ بۆچى ئێستا ئه‌گه‌ر بۆ تێكدانى ئارامیی هه‌ولێر نه‌بێت دێن بۆ پرسه‌ى ئێمه،‌ باش ده‌زانن ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان هه‌ڵناكه‌ین، چونكە دوو كەسمان بە دەستی ئەوان شەهید كراون.”

ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو: “ئه‌وان مه‌به‌ستیان تێكدانى ئارامیى هه‌ولێره،‌ له‌وه‌ته‌ى هه‌ن ئه‌وه‌ كاریانه‌ و كار بۆ تێكدانى هه‌ولێر ده‌كه‌ن ئێستا ده‌زانن ئه‌وە کاتی بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌ و ده‌یانه‌وێت بانگه‌شه‌ بۆ خۆیان بكه‌ن، ده‌شزانن له‌ هه‌ڵبژاردن دۆڕاون هیچ كه‌سێكیان له‌گه‌ڵ نیه‌.”

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ ده‌شڵێت: “ئه‌وان ده‌ڵێن هه‌ولێر وه‌رده‌گرینه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌ولێر وه‌رگرنه‌وه‌ وه‌كوو پێش ٣١ی ئابی ١٩٩٦ ڕۆژانه‌ ته‌رم له‌ معه‌سكه‌ر و له‌ فلانه‌ شوێن و له‌ فڵانه‌ شوێن بێننەوە و ئۆتۆمبێل دزین و تەعداكردن له‌ خه‌ڵك و ئه‌وانه‌ دیاره‌ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌یانه‌وێت هه‌ولێر وه‌ربگرنه‌وه،‌ با باش بزانن به‌ خه‌ونیش جارێكى تر هه‌ولێر وه‌رناگرنه‌وه‌.”

له‌باره‌ى برینداربوونى كه‌سانى ئه‌وان رایگه‌یاند: “ئێمه‌ یه‌ك كه‌سمان برینداره‌ و برینداره‌كه‌ ئێستا ڕه‌وشى ته‌ندروستیى جێگیره‌ و له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ و گوللەیه‌ك به‌ر ڕانى كه‌وتووه‌ و ڕانى شكاندووه‌.”

قه‌هار سابیر عه‌لكه‌ ده‌ڵێت: “له‌ هه‌ولێر یاسا هه‌یه‌ و ئێمه‌ ئه‌وه‌ بۆ یاسا جێ ده‌هێلێن و داواى یاساییمان له‌ سه‌ر شاڵاو كۆسره‌ت تۆمار كردووه‌ و ده‌بێت هه‌رچى زووه‌ بكه‌رانى ئه‌م كاره‌ بدرێنه‌ دادگا.”

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button