
لاهور جەنگی: یادت بەخێر و گۆڕت پڕ نور و رۆحت شاد مامە گیان. دەزانین جەنابت بێبەری و دووری لە هەموو ئەو تاوانانانەی دوای خۆت بە ناوی تۆ و بە مێژوی تۆوە دەکرێ!
دەقی پەیامەکەی لاهور جەنگی:
ئەمڕۆ ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مام و رابەری گەورەم مام جەلالە. رۆحی شاد بێت و خوای گەورە لێی خۆش بێت!
بۆ یادی ئەو مرۆڤە مەزنە کە بە شەخسی بۆ من قوتابخانەیەکی گەورە بوو، دەڵێم: ناو، پێگە و کاریگەرییەکانی ئەو لە مێژوی سیاسەتی کوردیدا، زیندوو و گەش دەمێننەوە. وەک چۆن نەیارەکانی لە رابردودا نەیانتوانی بیشێوێنن، کوڕەکانیشی تاسەر ناتوانن لە سەر مێژوو و ناوی ئەو بژین و، کاری لار و ناجۆر بکەن؛ خەڵک دوێنێی جەنابی مام جەلال بە هەموو باشی و خراپییەکانەوە دەبینێ و ئێستای ئەوانیش دەبێنی کە خۆیان و کردەوەکانیان بەناوی ئەوەوە هەڵواسیوە!
بۆ من، وەفا بۆ مامم مام جەلال، تەنها رەهەندی سیاسیی نییە. بەڵکو رەهەندی کۆمەڵایەتی و ئینسانیی زۆر قوڵی هەیە. بۆیە هەتا مابم، هەوڵ دەدەم خاڵە گەش و جوانەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو گەش ڕابگرم. سوپاسگوزار و بەوەفا بم بەرامبەر دەستگرتن و ئامۆژگاری و پشتیوانییە زۆرەکانی بۆ من!
ئەو هێشتا لە دیدی من و زۆرێک لە هەڤاڵان و خەڵکدا، یەکێکە لە هەڵکەوتوترین مرۆڤەکانی مێژویی سەد ساڵی ڕابردوی باشوری کوردستان.
یادت بەخێر و گۆڕت پڕ نور و رۆحت شاد مامە گیان. دەزانین جەنابت بێبەری و دووری لە هەموو ئەو تاوانانانەی دوای خۆت بە ناوی تۆ و بە مێژوی تۆوە دەکرێ!
لاهور شێخ جەنگی تاڵەبانی