دووشەممە، 07-10-2024، دوو ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف، ئەفسەر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر تێ دەپەڕێت.
لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا، تیرۆرکردنی ئەو ئەفسەرەی ئەنجوومەنی ئاسایشی بە “تاوانێکی گەورە” ناوبردووە و باسی لەوە کردووە: “عەقید هاوکار یەکێک بوو لە جەنگاوەرە ئازاکانی شەڕی داعش و تیرۆرستان و ترسنۆکانە بە بەرچاوی خێزانەکەیەوە، لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە دڕندانەترین شێوە تیرۆر کرا”.
لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەش کردووە: “ئەم غەدری تیرۆرە بێ تۆڵە و سزا هەرگیز داناخرێت، ئەم خوێنە بە ناحەق ڕژاوە، ڕۆژێک دێت کە وەردەگیرێتەوە و بکەرانی ئەو تاوانە ڕاپێچی زیندان دەکرێن و سزای شایستەی خۆیان وەردەگرن”.
وا بڕیارە 20-10-2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت. لاهور شێخ جەنگی دووپاتی کردووەتەوە: “20ـی ئۆکتۆبەر، ڕۆژی حەق و حیسابە لەگەڵ بکوژانی عەقید هاوکار جاف”.
کوژرانی عەقید هاوکار جاف
دوانیوەڕۆی هەینی، 07-10-2024، لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمبی چێندراو بە ئۆتۆمبێلی عەقید هاوکار جاف، ئەفسەر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تەقینەوە؛ لە ئەنجامدا عەقید هاوکار گیانی سپارد و خوشکێکی لەگەڵ دوو منداڵ و هاوژینی کە لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، بریندار بوون.
چەند ڕۆژێک دواتر، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڤیدیۆی دانپێدانانی شەش تۆمەتباری بڵاو کردەوە، کە لەسەر ئەو کردەوەیە دەستگیرکرابوون. ئەنجوومەنی ئاسایش ڕایگەیاند: “لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو شەش تۆمەتبارە دەرکەوتووە کردەوە تیرۆریستییەکە لەلایەن تیمێکی دژە تیرۆری سلێمانی کراوە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی (وەهاب مەجید باقی، ناسراو بە وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی دژە تیرۆری سلێمانی) و (کارزان محەممەد ڕەشید، بەرپرسی هەواڵگری دژە تیرۆری سلێمانی)”.
K24