بایدن و ناتانیاهۆ بڕیاری کۆتایی لەبارەی هێرشکردنە سەر ئێران دەدەن
وابڕیارە ئەمرۆ بایدن و ناتانیاهۆ گفتوگۆ لەسەر شێوازی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران بکەن.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی تشرینی یەکەمی 2024، بایدن و ناتانیاهۆ لە بارەی پلان و چوارچێوەی وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بە تەلەفۆن قسە بکەن، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش جەخت لە بەردەوامی پشتیوانییەکانیان بۆ پاراستنی ئیسرائیل دەکاتەوە و لە عێراقیشەوە گرووپە میلیشیاکان لە هەڵدانی درۆن بۆ باکووری ئیسرائیل بەردەوام.
ئەکسیۆس: ئەمڕۆ بایدن و ناتانیاهۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران یەکلا دەکەنەوە
پێگەی هەواڵی (ئەکسیۆس)ـی ئەمەریکی لە زاری سێ بەرپرسی ئەمەریکاوە بڵاویکردووتەوە، بڕیارە ئەمڕۆکە، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکی حکوومەتی جەنگ و سیاسی ئیسرائیل لە بارەی پلان و شێوازی وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران گفتوگۆ بکەن.
پێگە هەواڵییەکەی ئەمەریکا ئاماژەیداوە، گفتۆگۆکردنەکەی بایدن و ناتانیاهۆ بە تەلەفۆنە و ئەو بەرپرسانەی قسەیان بۆ ئەکسیۆس کردووە دەڵێن “پێشبینی دەکرێت وەڵامدانەوەکەی ئیسرائیل بۆ ئێران هێرشێک گرنگ و کاریگەر بێت”.
سەرچاوەکان ئاشکراشیان کردووە، ڕەنگە هێرشەکانی ئاسمانی بن و ناوەندە سەربازییەکان لە ناوخۆی ئێران بگرێتەوە لەگەڵ چەند هێرش و کردەیەکی نهێنی وەک ئەو هێرشەی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماسی لە تاران تێدا کوژران.
ئەکسیۆس نووسیویەتی، یەکێک بەرپرسە ئەمەریکییەکان جەختیکردووەتەوە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بایدن و ناتانیاهۆ گرنگە بۆ دیاری کردنی شێواز و سنووری وەڵامدانەوەکانی ئیسرائیل بۆ ئێران.
هەروەها یاریدەدەرێکی ناتانیاهۆ بە پێگە ئەمەریکییەکەی گوتووە “لەو گفتوگۆیەی ئەمڕۆ چوارشەممە دەکرێت بڕیاری لێدانی ئێران دەدرێت، چونکە ناتانیاهۆ دەیەوێت بایدن لە بابەت و پلانەکان ئاگادار بکاتەوە.”
پێشتر بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندبوو، ئیسرائیل هێشتا وردەکارییەکانی چۆنێتی وەڵامدانەوەی سەربازی بۆ هێرشە موشەکییەکانی ئێران بە ئەمەریکا ڕانەگەیاندووە.
پێنتاگۆن: لەگەڵ ئیسرائیل هەماهەنگی بۆ وەڵامدانەوەی ئێران دەکەین
پاتریک ڕایدەر گوتەبێژ وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) بە سکای نیوزی ڕاگەیاندووە، ئێران هێرشێکی فراوانی کردووەتە سەر ئیسرائیل و ئەمەریکاش هاوکاری ئیسرائیل بووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکییەکان.
ڕایدەر لەگەڵ ئەوەی جەختی لەسەر پێویستی هێورکردنەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و ئاماژەی بە ڕێگەچارەی دیپلۆتی کردووە بۆ کۆتایی هێنان بەو شەڕەی لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان هەیە. ڕاشیگەیاندووە، لەگەڵ لایەنی ئیسرائیل تاوتوێی هەنگاوەکانی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران دەکەن
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێ: ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات، بەڵام نامانەوێت هەڵسەندگانێکی هەڵە بکات، هەربۆیە لەگەڵ ڕێگری لە زیاتر پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان، لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل بەردەوام دەبین.
هێرشەکان لە عێراقەوە بۆ سەر باکووری ئیسرائیل بەردەوامە
بەرەی بەناو مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بڵاویکردووتەوە، لەبەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژی و تاوانکاریانەی ئیسرائیل دژی خەڵکی لوبنان و غەززە دەیکات، هێرشێکی دیکەیان کردووەتەوە سەر باکووری ئیسرائیل.
هەروا ئاماژەیداوە، هێرشەکەیان بە درۆنی بۆمبڕێژراو بووە و ئامانجەکەشیان پێکاوە.
بەرەی بەناو مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هەڕەشە دەکات کە تاوەکوو کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان بەردەوام بێت، بەرەی مقاوەمەش بەردەوام دەبێت لە پەلاماردانی ئیسرائیل.
هێرشی مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل
1ی تشرینی یەکەمی 2024، سوپای پاسداران و سوپای فەرمی ئێران بە 180 مووشەکی بالیسی هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، تاران هێرشەکەی بە تۆڵەسەندنەوەی خوێنی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و عەباس نیلفرۆشان، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و بریندارکردنی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە بەیرووت ناوبردووە.
هێرشی یەکەمی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە 13ی نیسانی 2023 بوو.
K24