راوێژكارێكی پێشووی قوباد تاڵەبانی: هەندێك لە سەرکردەکانی (بەرەی مقاوەمە) لە سلێمانی خۆیان حەشار داوە
راوێژكارێكی پێشووی قوباد تاڵەبانی: هەندێك لە سەرکردەکانی (بەرەی مقاوەمە) لە سلێمانی خۆیان حەشار داوە و مەترسی هەیە هێرشیان بكرێتە سەر و پێویستە هاووڵاتیان خۆیان لە جێگە حزبییەكان بەدوور بگرن.
چالاكێكی سیاسی كە پێشتر راوێژكاری قوباد تاڵەبانی بووە و ساڵانێك لەمەوبەریش جەلال تاڵەبانی، سكرتێری پێشووی یەكێتی بە كوڕی خۆی هەژماری كردووە، ئاشكرای دەكات كە هەندێك كەس لە سلێمانی خۆیان حەشار داوە، بەم هۆیەوە مەترسیی ئەوەیان دروست كردووە كە بە مووشەك هێرشیان بكرێتە سەر.
تەیمووری ئەنفال، راوێژكاری پێشووی قوباد تاڵەبانی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) ئاشكرای كرد، بابەتێکی زۆر مەترسیدار و هەستیار ڕووی لە كوردستان كردووە، بە تایبەتی پارێزگای سلێمانی.
ڕوونیشی كردۆتەوە: ”من دوو ڕۆژ پێش ئێستا، لەگەڵ کەسێک قسەم کرد لە ئەمریکا، زانیاریی ئەوەی پێدام کە سلێمانی كەوتۆتە نێو ئامانجی مووشەکەکانی ئیسرائیل.“
هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە كە چەند كەسێك لە سەركردەكانی بەرەی مقاوەمە، لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی خۆیان حەشار داوە و ”تەنانەت بەشێكیان لە پرۆسەی بانگەشە بەشدارن و بابەتی بانگەشەی هەڵبژاردن وەك قەڵغانێك بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانی خۆیان بەكار دەهێنن.“
تەیمووری ئەنفال بە دووری نەزانیوە كە لە هەر كاتێكدا بێت، ئەو كەسانە هێرشیان بكرێتە سەر، بۆیە بە پێویستی زانیوە، هاووڵاتیان خۆیان لە جێگە حزبییەكان بەدوور بگرن.
ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتریش چەندان كەس لە ناوەوە و دەرەوەی سلێمانی، داوایان لە بافڵ تاڵەبانی و یەكێتی كردووە، سلێمانی لە ململانێ ئیقلیمییەكان و شەڕی نێوان گرووپەكانی سەر بە بەرەی مقاوەمە و ئیسرائیل بپارێزێت و ئەو دەڤەرە نەكاتە بەرەیەكی تری شەڕ هاوشێوەی غەززە و باشووری لوبنان.