دوای ئەوەی میدیاكانی یەكێتی كۆمەڵێك هەواڵی چەواشەكارییان بڵاو كردەوە گوایە دەستیان كردووە بە تەوتین لەڕێی بانكی TBI، بەڵام دوای بەدواداچوون، دەركەوت سەرلەبەری ئەو هەواڵانە ناڕاستن.
ئەمڕۆ دووشەم 14ـی ئۆكتۆبەر، لە بەدواداچوونێكی “وشە” پێوەندیی بە بانكی TBIـی كردووە بۆ ئەوەی لەم رۆژانە هیچ پێوەندییەكی لەڕێگەی هەرێمی كوردستان یان فەرمانگەكانی سلێمانی پێوە كراوە بۆ دەرهێنانی كارتی بانكی، لە وەڵامدا بە سەرسوڕمانەوە وەڵامەكەیان نەخێر بوو.
ئەو بانكە دەڵێت، ئێمە لە ژێر رێنوێنییەكانی بانكی ناوەند كار دەكەین، هەر كارێكیش بكەین لەگەڵ هەر دامەزراوەیەك لەرێگەی حكوومەت دەبێت، حكوومەتی ناوەندی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئێمە بەشێوەی فەرمی مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین.
ئاماژە بەوەش كرا، هیچ پێوەندییەكمان لەگەڵ هیچ لایەن و فەرمانگەیەكی سلێمانی نەكردووە و ناشیكەین، چونكە كارەكانی ئێمە فەرمییە نەك كەسی.
روونیان كردەوە، رەنگە كەسێك یان هەر هاووڵاتییەك دەتوانێ پێوەندی بە ئێمە بكات، داوای ڤیزە كارتی جۆری كلاسیك یان هەژماری بانكی بۆ كاروباری بازرگانی و تایبەت بكات، ئەوە رێگەپێدراوە و ئێمە بۆی دەكەین، بەڵام ئەوەی تر تەنیا بە نووسراو پێوەندیمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان هەیە.
هاوكات عەلی حەمەساڵح لەبارەی ئەو هەواڵانەی یەكێتی بڵاویان دەكاتەوە گوتی، ئەوانە هەمووی چەواشەكارییە و بۆ خافڵاندنی فەرمانبەرانی سلێمانییە و هیچ شتێك بەناوی تەوتین لەو شارە نییە، هەموو كەسێك دەتوانێت ئەو فۆرمە دروست بكات.
باسی لەوەش كرد، ئەگەر یەكێتی راست دەكات، با بەڵگەیەكی فەرمی بڵاو بكاتەوە نەك چەواشەی فەرمانبەران بكات كە كاتی هەڵبژاردنە.
وشە