پارێزەرێك ئاشكرای دەكات كە هەموو ئەو كەسانەی لە لایەن یەكێتییەكەی بافڵ تاڵەبانییەوە بۆ سێركەكانی بافڵ بردراون، هەمان خەڵك بوون كە بە كرێ و بەرامبەر بە پارە ئەم شار و ئەو شاریان پێكراوە!
بەپێی وێنە و ڤیدیۆكانی سێركەكانی بافڵ لە (سلێمانی، رانیە، كۆیە، كەلار، دهۆك و هەولێر)، تێبینیی ئەوە دەكرێت كە هەموو بەشداربوانی سێركەكان، هەمان خەڵك بوون و هیچ ژنێكیان تێدا نەبووە و تەنانەت تەمەنیشیان زۆر لە یەكەوە نزیك بووە.
لەمبارەیەوە بەختەوەر سەپان، پارێزەر رایگەیاند، زۆر بە ڕوونی دیارە كە لە هەموو سێركەكانی بافڵ، هەمان خەڵک دەبرێت و لەم سەر بۆ ئەم سەریان دەبن.
ڕوونیشی كردەوە كە ”لەهەموو جێیەک هەمان دەموچاو، هەمان خەڵکن کە بە کرێیان گرتوون و بە پاس گواستویانەتەوە.“
گوتیشی: ”ئەو كەسانە دیارە كە لەو گەنجانەن بەهۆی سیاسەتی یەكێتی لە دەڤەری سلێمانی، سیاسەتی میلیشیاكان لە پارێزگای نەینەوا و سیاسەتی پەكەكە لە شنگال، بێكارن و ئامادەن بە 10 یان 15 هەزار رۆژێكی تەواو لەنێو پاس بەسەر ببەن و ئاڵای یەكێتی بەرز بكەنەوە و خۆیان وەك جەماوەری یەكێتی نمایش بكەن.“
ئەو پارێزەرە دووپاتی كردەوە كە ئەم جۆرە كەسانە، زۆربەیان مافی دەنگدانیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا نییە، بەهۆی ئەوەی كەسانی سەر بە پارێزگاكانی عێراق و دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانن، ”كۆكردنەوەشیان تەنیا بۆ ئەوەیە كە وەك بافڵ و قوباد لە تۆمارە دەنگییەكەی نێوانیان دەیانگوت، وا نیشانی بدەن كە یەكێتی جەماوەری هەیە، تاوەكوو ئەگەر توانییان پیلانی ساختەكارییەكەیان بە هاوكاریی میلیشیاكان و وڵاتێكی ئیقلیمی سەربخەن، خەڵك وابزانن دەنگی راستەقینەی یەكێتییە، لە كاتێكدا دەنگی راستەقینەی یەكێتی بەشی شەش كورسیی پەرلەمان زیاتر نییە.“